دوایین زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەكانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی

دوایین زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەكانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی
بەرپرسی حزبێکی بەشداربوو لە كۆبوونەوەكانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان بە سەرۆكایەتی عەبدولڕەحمان مستەفا دوایین زانیاری لەبارەی هاوپیەمانییەکە دەخاتە ڕوو.

ئەمڕۆ یەكشەممە 27/10/2019، محەمەد سەلیم، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی مەڵبەندی كەركووكی كۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: "دوایین كۆبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە هاوپەیمانیی كوردستانی دوێنێ شەممە ئەنجام درا، بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستی هاوپەیمانیمان تەواو كرد، ئەوەی كە ماوەتەوە ناوی كاندیدەكانە و كۆتا رۆژیش بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان 5/11/2019 دانراوە".

روونیشی كردەوە: "رێككەوتنی باش كرا بۆ دانانی ناوی كاندیدەكان و لایەنە سیاسییەكان كاندیدیان دەبێ و بنەمایەكی تریش بۆ ئەو مەبەستە دانراوە كە لەسەر بناخەی هەڵبژاردنی 2014 هەر هێز و لایەنێكی سیاسی سەنگی زیاتر بێت، كاندیدی زیاتر دادەنێ و زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان تەنیا یەك كاندیدیان دەبێت و هەندێك لایەنی سیاسیش هەر كاندیدیان نابێت، بەڵكوو هەر پێیان خۆش بووە بەشدار بن لەو لیستەدا و ببنە پاڵپشت و پرۆسەكە هەموو كارەكانی لە كۆتاییدایە و هەنگاوی باشی بڕیوە و كۆبوونەوەكانیش لە تەواوبوندان و لە كۆبوونەوەی داهاتووشدا بەرنامە دادەنرێت بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی پرۆسەكە و لە رێكخستنی كاری راگەیاندن بۆ سەرخستنی لیستەكە".

لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی بە بەشداریی نزیکەی 30 لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی تورکمان و عەرەب بە سەرۆكایەتیی عەبدولڕەحمان مستەفا لە پارێزگاكانی (نەینەوا، كەركووك و دیالە) بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە بڕیارە لە 1ی نیسانی داهاتوودا بەڕێوە بچێت، پێكهێندرا.









باسنیوز
Top