رووسیا لە ناردنەوەی هێزی ئەمریکی بۆ بیرەنەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان ناڕازییە
وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی نزیکەی 300 پۆلیسی سەربازیی وڵاتەکەی گەیشتوونەتە سووریا بۆ چاودێریکردنی سنووری نێوان تورکیا و سووریا.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەکانی وەزارەتەکەی 20 ئۆتۆمبیلی دیکەی سەربازیشیان گواستوونەتەوە سووریا تاوەکو پۆلیسی سەربازیی رووسیا بتوانن لە ئەرکەکانیاندا بەکاریان بهێنن.
رێککەوتنەکەی رووسیا و تورکیا دوای ئەوە هات، ئەمریکا بڕیاریدا سەربازەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە، جگە لە ناوچەی تەنف. بەڵام ماوەی چەند رۆژێکە، بەتایبەتی دوای رێککەوتنەکەی ئەنقەرە و مۆسکۆ، گۆڕانکارییەکیش لە هەڵوێستی واشنتندا دەبیندرێت.
سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری بەرگریی وڵاتیش دەڵێن، ژمارەیەک سەربازی وڵاتەکەیان دەگوازنەوە نزیک بیرە نەوتەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە پارێزگای دێرەزوور بۆئەوەی رێگەنەدەن ئەو بیرە نەوتانە بکەونەوە دەستی رێکخراوی داعش.
مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت "ئێمە هەروەها بیر لەوە دەکەینەوە کە چۆن دەکرێت هێزەکان جێگۆڕکێ پێبکەین بۆئەوەی دڵنیایی بدەین لە سەلامەتی بیرەنەوتەکان، ئێستا ئێمە هەندێک کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی پێگەمان لە دێرەزوور بۆ دڵنیاییدان لەوەی رێگە نەدەین داعش دەستی بە بیرە نەوتەکان بگات".
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئامادەنەبوو وردەکاری زیاتر لەوبارەوە رابگەیێنێت، بەڵام میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، دەکرێت نزیکەی 500 سەرباز و 30 تانکی ئەبرامز شانبەشانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە نزیک بیرە نەوتەکان جێگیربکرێن.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش رایگەیاند، ئامانجەکە تەنیا ئەوە نییە ئەو بیرە نەوتانە نەکەونەوە دەستی داعش، بەڵکو بۆ ئەوەیە رێگە نەدەن حکومەتی سووریا و ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکیشیان لەو بیرە نەوتانە نزیک ببنەوە.
بڕیارەکەی ئەمریکاش کاردانەوەی رووسیای بەدوادا هات.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، بەشێکی هێزەکانی ئەمریکا کە پەیامنێری رووداو رایگەیاند 13 ئۆتۆمبێلی سەربازی بوونە لە هەولێرەوە گەڕانەوە رۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی کێڵگەکانی نەوت.
سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "ئێمە بەراستی نیگەرانین لەبارەی ئەو راستیەی کە دەکرێت ئاماژەکانی کۆشکی سپی واتای ئەوە بن ئەمریکا گوشارە فرە رەهەندەکانی لەسەر دەسەڵاتی شەرعی لە دیمەشق درێژە پێدەدات".
لە چەند ساڵی رابردوودا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا یارمەتی هەسەدەی داوە بۆ تێکشکاندنی داعش و حکومەتی رووسیاش پاڵپشتیکاری سەرەکی حکومەتی سووریایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان.
