په‌رله‌مانتارێكی کورد: ئەگەر هەیە خۆپیشاندەرانی بەغدا بچنە نێو باڵاخانەی پەرلەمان

په‌رله‌مانتارێكی کورد: ئەگەر هەیە خۆپیشاندەرانی بەغدا بچنە نێو باڵاخانەی پەرلەمان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەگەر هەیە خۆپیشاندەرانی بەغدا بچنە نێو باڵاخانەی پەرلەمانەوە، بەم هۆیەش پەڕاوە فەرمییەکان بۆ شوێنێکی دیکە گواستراونەتەوە.

دیار ته‌یب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند، لە ئەنجامی ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە، بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بەغدایان جێهێشت و بەشێکی دیکەشیان چوونە دەرەوەی وڵات.

ڕوونیشی کردەوە کە ”مەترسیی گەورە لەسەر باڵاخانەی پەرلەمانی عێراق هەیە و ئەگەر هەیە ئاراستەی خۆپیشاندەران زیاتر بۆ چوونە نێو باڵاخانەی پەرلەمان بێت“.

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە بەهۆی ئەو ئەگەرانەوە، سه‌رجه‌م دۆسیه‌ تایبه‌ت و پەڕاوە فه‌رمییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقەوە بۆ شوێنێكی دیكە گواستراونەتەوە. گوتیشی: ”دۆخی به‌غدا زۆر له‌بار نییه‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێك كراوه‌یه‌“.

لە دوێنێ هەینی ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ەوە تاوەکوو ئێستا، خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەستی پێ کردووەتەوە و تاوەکوو ئێستاش، دەیان خۆپیشاندەر کوژراون و چەند هەزاریشیان لێ بریندار بووە.












باسنيوز
Top