لە ماوەیەکی کەمدا پەکەکە حەوت مێرمنداڵی کۆیە دەباتە قەندیل
بەپێی زانیارییەکان، ماوەیەکە ژمارەیەک مێرمنداڵ لە کۆیە دیار نەماون و وەک باسی لێوە دەکرێت، منداڵەکان لەلایەن پەکەکەوە ڕفێندراون.
لەمبارەیەوە عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە ڕایگەیاند: ”دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت کە حەوت مێرمنداڵ لەناو شاری کۆیە ون بوون، لێکۆڵینەوەکانمان دەست پێکرد و بۆمان دەرکەوت کە ئەو مێرمنداڵانانە چوونەتە بناری قەندیل بۆ ناو ھێزەکانی پەکەکە“.
ڕوونیشی کردەوە کە کەسوکاری ئەو مێرمنداڵانە سکاڵایان لەسەر ھیچ کەسێک تۆمار نەکردووە، ”لەمیانی بەدواداچوونیش بۆیان دەرکەوتووە کە لە بناری قەندیلن“.
بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە ئاشکرای کرد کە کەسوکاری مێرمنداڵەکان لە هەوڵی گەڕاندنەوەیاندان و ئەگەر هەیە ئەمشەو بیانگەڕێننەوە.
بەپێی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ، بەکارهێنانی کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە ململانێ چەکدارییەکاندا ڕێگەپێنەدراوە، بەڵام پەکەکە لەو ناوچانەی کە دەستی پێیان دەگات، بەردەوام هەوڵی ڕازیکردنی منداڵان و بردنیان بۆ قەندیل دەدات.
باسنيوز
