فەرماندەی هەسەدە: سوپای تورکیا بەردەوامە لە پێشێڵکردنی ئاگربەست

فەرماندەی هەسەدە: سوپای تورکیا بەردەوامە لە پێشێڵکردنی ئاگربەست
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، کە سوپای تورکیا بەردەوامە لە پێشێڵکردنی رێککەوتنی ئاگربەست.

مەزڵوم عەبدی (ناسراو بە مەزڵوم کۆبانی)، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندوە، سوپای تورکیا و چەکدارانی گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرش دەکەنە سەر بەرەی رۆژهەڵاتی سەرێ کانی

مەزڵوم کۆبانی داوای لە چاودێرانی رێککەوتنی ئەمریکا - تورکیا و رووسیا - تورکیا کردووە سوپای تورکیا لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی هەسەدە، رابگرن.

رۆژی سێشەممە 22-10-2019، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا و ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا کۆبوونەوە و رێککەوتن لەسەر بڵاوکردنەوەی پۆلیسی سەربازیی رووسی و سوپای رژێمی سووریا لە ناوچەکانی دەرەوەی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتن لەسەر وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بۆ ماوەی 120 کاتژمێر، بۆ ئەوەی رێگا بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان بدرێ، لە سنووری تورکیا بکشێتەوە.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.









باسنيوز


Top