فراکسیۆنە کوردستانییەکان خۆیان بۆ ئەگەرە جیاوازەکانی عێراق ئامادە دەکەن

فراکسیۆنە کوردستانییەکان خۆیان بۆ ئەگەرە جیاوازەکانی عێراق ئامادە دەکەن
پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، لایەنە کوردستانییەکان لە بارەی چارەنووسی حکوومەتی ئێستای عێراق، خۆیان بۆ ئەگەرە جیاوازەکان ئامادە کردووە و یەکهەڵوێستن.

محمەد ئەمین فارس، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رايگەیاند، کورد لە بارەی ڕووداوەکانی عێراق و ئەگەرەکانەوە، یەک ھەڵوێستن و لەسەر بابەتەکان ڕێککەوتوون.

ڕوونیشی کردەوە: ”بەشێک لە دروشمەکان داوای ڕووخاندنی حکوومەت دەکەن کە ھۆکاری خۆپیشاندانەکانیش دەگەڕێننەوە بۆ کەمتەرخەمیی بەشێک لە وەزارەتەکان. لە کاتێکدا رووخاندنی حکوومەت دەبێتە ھۆی نانەوەی ئاژاوەیەکی مەترسیدار“.

لەلایەن خۆشیەوە شێروان دووپردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕايگەیاند، هێشتا دیار نییه‌ دۆخه‌که‌ چی لێ دێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە‌ به‌شێک له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیره‌کانی پێشووی عێراق و چه‌ند سه‌رکرده‌ و سه‌رۆک حزبێک، ئامادەکاریی خۆیان کردووە تاوەکوو بە ژن و منداڵەوە عێراق به‌جێ بهێڵن‌، به‌تایبه‌ت ئەوانەی کە تۆمەتی گەندەڵییان لەسەرە.

ڕوونیشی کردەوە کە هێشتا هەڵوێستی حزبی دەعوە و ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە تەواوی ڕوون نییە و مەترسییان لە دۆخەکە هەیە.












باسنيوز
Top