میدیاکانی تورکیا: مەزڵووم عەبدی دەچێتە ئەمریکا
رۆژنامەی (سۆڵ)ی توركی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی١٠ی٢٠١٩، بڵاوی کردووەتەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لەسەر داوای چەند سیناتۆرێكی سەر بە كۆمارییەكان و دیموكراتەكانی ئەمریكا، خەریكی ئامادەكاریی پێدانی ڤیزان بە مەزلووم كۆبانێ.
لەمبارەوە بەشی کوردیی ڕادیۆی دەنگی ئەمریكا بڵاوی كردووەتەوە، كە ئەو سیناتۆرانە لە نامەكەدا كە بۆ پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكایان نووسیوە، ئاماژەیان داوە كە گوێگرتن لە مەزڵووم عەبدی لەناو كۆنگرێسی ئەمریكا، هەروەها كەسە نزیكەکان و ئەوانەش لەگەڵ ترەمپدا كار دەكەن سوودی زۆری دەبێت، چونكە هێزەکانی سووریای دیموكرات كە كۆبانێ فەرماندەكەیەتی، ڕووبەڕووی پەلاماری سوپای توركیا بوونەتەوە و ئەوان هاوپەیمانی ئەمریكا بوونە.
هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە چەند ماڵپەڕێكی توركی بڵاو كراونەتەوە، ئەو سیناتۆرانە لە نامەكەدا داوایان كردووە بەبێ هیچ مەرجێك، ڤیزا بە مەزڵووم عەبدی بدرێت و هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەكرێت.
باسنيوز
