حەیدەر شەشۆ: ئێمە کوردستانین و بۆ هەڵبژاردن لەنێو هاوپەیمانیی کوردستانی دەبین

 حەیدەر شەشۆ: ئێمە کوردستانین و بۆ هەڵبژاردن لەنێو هاوپەیمانیی کوردستانی دەبین


سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئێزدی ئاشکرای کرد، هەرچەندە هاوپەیمانیی کوردستانی ئامادەیی دەربڕیوە سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات، لە بەرامبەر بەشداریکردنیان لە هاوپەیمانیی کوردستان، بەڵام هەندێک لایەنی هاوپەیمانیی ئێزدی ئەوە رەت دەکەنەوە.



حەیدەر شەشۆ، سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئێزدی لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا ئاماژە بەوە دەکات، لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا، هاوپەیمانیی کوردستانی کە لە لایەنە کوردستانییەکان پێکهاتووە، ئامادەییان دەربڕیوە، لایەنە ئێزدییەکان وەک هاوپەیمانیی ئێزدی لەنێو هاوپەیمانییەکەی خۆیاندا قەبوڵ بکەن.



ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە هەندێک لایەنی نێو هاوپەیمانیی ئێزدی، ئامادە نین تەنانەت لەگەڵ هاوپەیمانیی کوردستانی کۆبوونەوەش بکەن، کەچی ئامادەن لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان گفتوگۆ لەمبارەیەوە بکەن.



شەشۆ نەیشاردووەتەوەکە ئەو کارەی لایەنە ئێزدییەکان لە بەرژەوەندیی کوردانی ئێزدی نییە و بەوە تۆمەتباری کردوون کە بەرژەوەندیی کەسییان پێش بەرژەوەندیی تایبەت خستووە.



جەختیشی کردووەتەوە: ”من هیچ کات ئێزدی لە کوردستان جیاناکەمەوە، ئێمە خۆمان بە کوردستانی دەزانین و لەبەر بەرژەوەندیی کەسی، خۆمان لە کوردستان جیا ناکەینەوە. ئەگەر ناکۆکییەکیش لەنێو لایەنە کوردستانییەکان هەبووبێت، ئەوا ئێستا لەنێو هاوپەیمانیی کوردستانیدا کۆدەنگی هەیە و ئێمەش دەتوانین بەرژەوەندیی ئێزدییەکان لەنێو ئەو هاوپەیمانییەدا جێگە بکەینەوە“.



ئاماژەشی بەوە داوە کە لەمڕۆدا ٨٠٪ی ئێزدییەکان لە کوردستان دەژین و ”ئێمە کوردستانینە و خۆمان بە ئەسڵی کوردان دەزانین“.



لە کۆتاییشدا ئاشکرای کردووە کە ئەوان بڕیاری خۆیان داوە و وەکوو پارتی دیموکراتی ئێزدی، لەنێو هاوپەیمانیی کوردستانیدا بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن.




باسنيوز
Top