زیاتر لە 8 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون

زیاتر لە 8 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون
بەهۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە 8 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان ئاوارەی باشووری کوردستان بوون. نوێنەری سکرتیری یوئێن لە عێراق راگەیاند، هێشتاش خەڵکێکی زۆرتر ئاوارە دەبن.

ئاوارەکان بە پارە و رێگەی قاچاخ خۆیان دەگەیێننە باشووری کوردستان، رێڤەبەری خۆسەر هانیان دەدا نەڕۆن تاوەکو پلانی تەعریب و بە تورککردنی رۆژئاوا ئاسان نەکەن. سالار عەبدولمەجید بەڕێوەبەری کەمپی بەردەڕەش پلانێکی ئیداری بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکە هەیە و ئاوارەکان لێێ رازین، ئەوانەی دەگەن یەکسەر خێوەت، دۆشەک، بەتانی و پێداویستی سەرەکییان پێدەدرێت.

دەزگای خێرخوازی بارزانی سێ ژەمە خواردنی گەرم و ئامادەکراو بەسەر پەنابەراندا دابەش دەکات، هەر کەس دەچێتە کەمپ دەبێ فۆرمی یوئێن وەرگرێ تاوەکو بە فەرمی بچێتە ناو سیستەمی پەنابەریی.

منداڵان قوربانی یەکەمی جەنگ و ئاوارەبوونن. ئایە ئیبراهیم دایکی 4 منداڵە، دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لەسەرێ کانییەوە هەڵاتوون و پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.

ئایە ئیبراهیم، دەڵێت: "خەڵکی ئێمە زۆر لەوێن، دەوڵەتان و نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی کوردەکان بدەن، ئێمە عەرەب و کورد و سریان هەموومان برای یەکین".

جەنین هەنیز نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق پێیوایە، وەرگرتنی ئەم ژمارە ئاوارەیە و لەناکاو لەخۆگرتنیان ئاسان نابێت.

جەنین هەنیز: ئەمە بەس پرسیارێک نییە بەڵکو پرسیاری ئەو هەوڵدانەیە کە دوو سێ رۆژە سەرقاڵین، بۆ ئێستا خەڵکێکی زۆر دێن، نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری دهۆک کاردەکەین بۆ بەردەستخستنی خێوەت، خواردن و شوێنی مانەوە، ئەمە کاری لەپێشینەمانە، کە خەڵك دێن شوێنیان بۆ بڕەخسێنین.

جەنین هەنیز: بەدڵنیاییەوە هەوڵدەدەین بۆ کەمپی دیکە لە شوێنی دیکەش و هاریکاری زیاتر نەک بە تەنیا ئێمە، بەڵکو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێوە، بەڵام ئاسان نییە!

ژنێکی خەڵکی شارۆچکەی دربێسیێ دوو رۆژە لەگەڵ خێزانەکەی پەنابەری باشووری کوردستان بوون. لەنێو خێوەت لە رەوشێکی خراپدا دەژین، بەڵام ئارامی و دووربوون لەشەڕ لەپێش هەموو شتێکەوەیە بۆ ئەوان.

ئاهین فایز دەڵێت: "لە رۆژئاوا هاتووین، لەبەر شەڕ و تەقین رامان کردووە، چوار منداڵم لەگەڵە، زۆر بچووکن. بە تەنیا ئەم خیوەتانەمان وەرگرتووە بەڵام سوپاس بۆخوا سەلاماتین و ترسمان لەسەر نییە".

دەزگای خێرخوازی بارزانی کە سەرپەرشتی کەمپەکە دەکات، پێشبینی هاتنی پەنابەری زیاتر دەکەن و داوای هاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن

کەمپی بەردەڕەش لە ساڵی 2014 بۆ 10 هەزار ئاواری دەشتی نەینەوا دروستکرا. ئێستا 1666 خێزانی رۆژئاوای کوردستان کە پێکدین لە نزیکەی 8 هەزار کەس لەماوەی هەفتەیەکدا تیایدا نیشتەجێ کراون، هەزارو 235 پەنابەری دیکەش بڕیارە بهێندرێنە ئێرە.

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی لەگرژبوونی دۆخەکە لە رۆژئاوای کوردستان نیشاندا و ئاماژەی بە لێکەوتە خراپەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەر بەهۆی ئەم دۆخەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

مەسروور بارزانی روونیشیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی پێویست بێت بۆ هاوکاریکردنیان ئەنجامی دەدات بەڵام پێویستی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە کە لەمبارەیەوە یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن.
Top