ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان راپۆرتێک لەبارەی سەد رۆژ کارکردنی کابینەی نۆیەم بڵاودەكاتەوە
كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن بەڕێوەچوو، لە سەرەتادا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە لە رۆژانی داهاتوودا و لە دوای کۆتاییهاتنی سەد رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی بەرفراوان بڵاو دەکرێتەوە و تێیدا بە وردەکارییەوە ئاماژە بەو کار و پڕۆژانە دەکرێت کە ئەنجام دراون و ئەوانەی نەتوانراوە ئەنجام بدرێن لەگەڵ روونکردنەوەی هۆکارەکانی ئەنجام نەدانیان.
لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی حکومەت هی خەڵکە و دەبێ لە خزمەتی خەڵکدا بێت و هاووڵاتیان مافی خۆیانە بزانن حکومەت تا ئێستە چی کردووە.
دواتر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی عێراق و ئاماژەی بەوە دا کە ئێمە لەگەڵ داوا رەوا و یاساییەکانی خەڵکی خۆپێشاندەری عێراقین بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ توندوتیژیدا نین، ئینجا لە هەر لایەکەوە بێت، پشتگیرییش لە هەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەتی عێراق دەکەین، بەڵام داواکارین هاووڵاتیان بە شێوازێکی ئاشتیانە داواکارییەکانیان بخەنەڕوو و دامودەزگاکانی حکومەتی عێراقیش بەرپرسیارانە وەڵامی داخوازی ئاشتیخوازانەی خۆپێشاندەران بدەنەوە.
گوتیشی سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەروەها هیوادارین کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی بە پێی دەستوور چارەسەربکرێن و بەغدا وەڵامێکی ئەرێنی پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە.
لە بارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی لە گرژبوونی دۆخەکە نیشان دا و ئاماژەی بە لێکەوتە خراپەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد کە تا ئێستە زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەر بە هۆی ئەم دۆخەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
روونیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی پێویست بێت بۆ هاوکاریکردنیان ئەنجامی دەدات بەڵام پێویستی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە کە لەمبارەیەوە یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن.
پاشان ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێداچوونەوە بە پێکهاتەی کارگێڕی و دارایی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کرد بە رەچاوکردنی دۆخی ئێستە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا هەر وەزارەتێک لە لای خۆیەوە بە وردیی پێداچوونەوە بە پێکهاتەی وەزارەت ودامەزراوەکانی بکات بە پێی پلان وخشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو بە ئاراستەی زیاتر بە دامەزراوەییکردن و کەمکردنەوەی خەرجییەکان هەروەک لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە.
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژەی لکاندنی منداڵ بە خێزانی جێگرەوە بوو کە لەلایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایە روو. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پڕۆژەکە بە شێوەیەکی مەبدەئی پەسەند بکات دوای ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەک.
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی راپۆرتێکی فەرمـانگەی هەمـاهەنگی و بەدواداچوون کرد بـۆ ڕێكخسـتنەوە و كـۆکردنەوە و هەڵگرتنی ســــەرجەم ئەو دۆکیۆمێنت و ڕێككەوتننامە و یاداشتی لەیەکگەیشتنانەی کە لەکاتی سەردانی فەرمی شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بــــۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام دراون، ئەمەش لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تێێدا هاتووە ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و کۆنگرە و کۆنفرانس بە پێی پێویستی دەبێت.
باسنيوز
