میدیای پەکەکە: ئاسایشی سلێمانی بە نهێنی تەرمی کادیرەکانمانی لە سلێمانی گواستووەتەوە
پاش ئەوەی دوێنێ سێشەممە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و پەکەکەش بە فەرمی گیان لەدەستدانی هەریەک لە دەمهات عەگید و جەمیل ئامەد، بەرپرسانی پەکەکەیان لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە چیای ئەزمەڕ ڕاگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا تەرمەکانیان بەخاک بسپێردرێت.
لەمبارەیەوە کەمێک لەمەوبەر، میدیای پەکەکە هەواڵێکیان بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرایان کرد، شەوی ڕابردوو ئاسایشی سلێمانی بە نهێنی، تەرمی هەردوو بەرپرسی پەکەکەیان بردووەتە ڕانیە.
هاوکات کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە رای گەیاندووە کە ئاسایشی سلێمانی “بەبێ پرس و بە دزییەوە تەرمەکانی بردووەتە دەرەوە لە شارەکە، تاوەکوو مەراسیمیان بۆ نەکرێت”.
هەرچەندە ئەو دوو بەرپرسەی پەکەکە لە ڕۆژی ١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە چیای ئەزمەڕ لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە کرانە ئامانج، بەڵام تاوەکوو لە ڕۆژی ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ (باسنیوز) وردەکارییەکەی ئاشکرا نەکرد، ڕووداوەکە وەک تەقینەوەی ئۆتۆمبێل یان تەقینەوەی نارنجۆک باسی لێوە دەکرا و تەنانەت ناسنامەی قوربانییەکانیش وەک دوو کەسی عەرەب باسیان لێوە دەکرا، دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانیش تا ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ هیچیان لەبارەوە رانەگەیاندبوو.
باسنيوز
