سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات
لە دیدارەكەدا كە جێمس سۆرنتن كونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵیۆزی بریتانیا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ كوردستان و عێراق ڕاگەیاند.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەروەها تاوتوێ كردنی هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی داعش تەوەرێکی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.
لە دیدارەکەدا بە وردی ڕەوشی ڕۆژئاوا و هاتنی شەپۆلی نوێی پەنابەران لە سووریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس و هەردوولا دژایەتیی خۆیان بۆ ئەگەری گۆڕینی دیموگرافی لەو ناوچەیە ڕاگەیاند و بۆ ئەوەش وایان بە باش زانی ئەو پەنابەرانەی لە ترسی شەڕ ناوچەکانیان بەجێ دەهێڵن، هەر لەناو خاکی سووریا و لە شوێنێکی ئارامی نزیک سنوور، کەمپیان بۆ دروست بکرێت و کۆمەڵی نێودەوڵەتی هاوکاریی بەپەلەیان بۆ دابین بکات. هەروەها هەردوولا هاوڕابوون کە ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا زیان بە هەوڵە هاوبەشەکان دژی تیرۆر دەگەیەنێت و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا و عێراق زیاتر دەکات.
هەر لە دیدارەکەدا باسی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە داواکارییە ڕەواکانی هاووڵاتیان جێبەجێ بکرێن و پڕۆژەی خزمەتگوازری لەناوچەکانی ناوەڕاست و عێراق جێبەجێ بکرێن و دۆخی ژیانی خەڵک باشتر بکرێت.
هەر لەوبارەیەوە سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە نابێ ڕێگە بدرێت ئۆباڵی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ڕابردوو و بخرێنە ئەستووی حکوومەتی ئێستای عێراق و ئەوانەی خۆیان هۆکاری گەندەڵی و کەموکوڕییەکان بوونە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن و بیانەوێ زیان بە کابینەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی بگەیەنن.
K24
