ئەردۆغان و پووتین رێککەوتنێکیان لەبارەی رۆژئاوای کوردستان واژۆ کرد
لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولا واژۆ کراو و بەپێی رێککەوتنەکە هێزە کوردییەکان دەبێت لەماوەی 150 کاژێر 30 کیلۆمەتر لە ناوچەکە بکشێنەوە. لەدوای تەواوبوونی ئەو 150 کاژێرە سوپای تورکیا و رووسیا دەورییەی هاوبەش بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لەسەر سنوور ئەنجامدەدەن.
رێککەوتنەکە لە 10 خاڵ پێکدێت و تێیدا جەخت لە دەرچوونی یەپەگە و هەموو کەلوپەلە سەربازییەکانیان لە منبج و تەلرەفعەت دەکەنەوە.
هەر بە پێی رێککەوتنەکە هەردوولا هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی یەکە "تیرۆریستییەکان" و هەوڵی هاوبەش دەستپێدەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و پارێزراو.
هەردوولاش بەردەوام دەبن بۆ کارکردن سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا لە چوارچێوەی میکانیزمی ئاستانا و پشتیوانی کۆمیتەی دەستووری.
دەقی ریککەوتنە 10 خاڵییەکە
- هەردوولا بەڵێندەدەن پارێزگاری لە یەکێتیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا و ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بکەن.
- هەردوولا جەختیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەموو چەشنەکانی تیرۆر و بەهەدەردانی تەواوی هەوڵە جوداخوازییەکان لە خاکی سووریا کردەوە.
- لەم چوارچێوەیەدا قووڵایی 32 کیلۆمەتری ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی کە گرێ سپی و سەرێ کانی لەخۆدەگرێ، پارێزگاری لێدەکرێت.
- هەردوولا گرنگیی رێککەوتننامەی ئەدەنە پشتڕاستدەکەنەوە. فیدراسیۆنی رووسیا لە هەلومەرجی پێویستدا ئاسانکاری بۆ رێککەوتننامەی ئەدەنە دەکات.
- لە 23ی تشرینی یەکەمی 2019 دوای کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆوە پۆلیسی سەربازی رووسیا لەگەڵ پاسەوانانی سنووریی سووریا ئەو سنوورەی سووریا - تورکیا کە دەکەوێتە دەرەوەی سنووری ئۆپەراسیۆنی کانیاوی ئاشتی بەرەو سنووری سووریا دەچنەژوورەوە، بۆ کارئاسانکردنی کشاندنەوەی یەپەگە و چەکەکانی بە مەودای 30 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا - سووریاوە. ئەم کارە لە ماوەی 150 کاژێردا تەواوبکرێت. لەوکاتەدا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای سنووری هەنووکەیی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتییەوە بە فراوانیی 10 کیلۆمەتر 'جگە لە قامشلۆ' گەڕانی هاوبەشی تورکیا - رووسیا دەستیپێدەکرێت.
- تەواوی ئەندامانی یەپەگە بە چەکەکانیانەوە لە منبج و تەلڕەفعەت دەکرێنە دەرەوە.
- هەردوولا هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی یەکە تیرۆریستییەکان.
- هەوڵی هاوبەش دەستپێدەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و پارێزراو.
- میکانیزمێکی هاوبەشی چاودێریکردن و پشتڕاستکرنەوە دادەمەزرێندرێت بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە.
- هەردوولا بەردەوامدەبن بۆ کارکردن سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا لە چوارچێوەی میکانیزمی ئاستانا و پشتیوانی کۆمیتەی دەستووری دەکەن.
