حكوومه‌تی هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندیی دا بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

حكوومه‌تی هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندیی دا بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
به‌ڕێوەبه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان گوتی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندیی داوه‌، كه‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ی ته‌واونه‌كراون، پاره‌ی كاشیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت و ته‌واو ده‌كرێن و ئه‌وكاره‌ش به‌ قۆناغ ده‌كرێت و له ‌قۆناغی یه‌كه‌مدا ئەو پڕۆژانەی 15%یان مابوو، ته‌واو ده‌كرێن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ كارێكی باش بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و زیادبوونی ده‌رفه‌تی كار له‌ هه‌رێمی كوردستان."

به‌شار عه‌لی گوتی: "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ نووسراوی فه‌رمی ڕه‌زامه‌ندیی داوه،‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ی به‌هۆی قه‌یرانی داراییەوە وه‌ستابوون ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه‌ و ته‌واو بكرێن و ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كانیش به ‌قۆناغ ده‌بێت و له ‌قۆناغی یه‌كه‌مدا ئه‌وانه‌ی 15%یان مابوو، ته‌واو ده‌كرێن و دواتر ئه‌وانه‌ی 25%یان مابوو ته‌واو ده‌كرێن."

به‌ڕێوەبه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان گوتیشی: "هه‌ر پارێزگایه‌ك لیستی پرۆژه‌كانی خۆی ناردووه‌ و ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دراوه‌ و ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت و حكوومه‌تیش پاره‌ی كاشیان بۆ ته‌رخان ده‌كات."

به‌شار عه‌لی گوتیشی: "ئه‌و كاره‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ خه‌ڵك جێبەجێ بکرێن و خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن، چونكه‌ پڕۆژه‌كان له‌ قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ و پڕۆژەی جۆراوجۆری دیكه‌ پێك دێن و له ‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه،‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد ببێت."
Top