دەزگای ئاسایشی هەرێم هەواڵێکی باسنیوز لەبارەی هێرشەکەی چیای ئەزمەڕ پشتڕاست دەکاتەوە
لەمبارەیەشەوە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، ڕوونکردنەوەیەک بەناوی نووسینگەی تایبەتیی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ رای گشتی بڵاو کراوەتەوە و تێیدا ئاشکرا کراوە، لە هێرشەکەی ١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە چیای ئەزمەڕ، جگە لە دەمهات، کادیرێکی باڵای دیکەی پەکەکە بەناوی (جەمیل) کراوەتە ئامانج.
هاوکات ئەوە ڕوون کراوەتەوە کە دوو بەرپرسەکەی پەکەکە بەبێ ئاگاداریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە ناوچەکە و لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی تورکیا و لەنێو خەڵکی مەدەنیدا لە شوێنێکی گەشتیاریی سلێمانی کراونەتە ئامانج. ئەمەش بە ”پێشێلکاری“ لەقەڵەم دراوە.
هەر لە راگەیاندراوەکەدا ئیدانەی پێشێلکارییەکە کراوە، بۆیە داوا کراوە کە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار نەهێندرێت. هاوکات ئاشکرا کراوە کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقە و ئەو رادارەی ئاسمانی کوردستان کەشف دەکات، لە ژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان نییە.
باسنيوز
