ئەو عەشیرەتە عەرەبانەی تائێستا هاوپەیمانی هەسەدە بوون داوا دەکەن سوپای تورکیا بچێتە منبج
هەسەدە و حزبەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، زۆر گرنگییان بە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ عەشیرەتە عەرەبییەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەدا.
دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی ئەو عەرەبانەوە، بە هیچ شێوەیەک ناوی کورد و کوردستانیان لە دەزگاکان، هێزەکان و دەسەڵاتی خۆجێیی رۆژئاوا نەناوە و بەردەوام داوای برایەتیی گەلانیان دەکرد.
دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، عەشیرەتە عەرەبەکانی منبج، کە پێشتر هاوپەیمانی هەسەدە بوون، کۆبوونەوەیەکیان لە ناوچەی ئەعزاز لەژێر دەسەڵاتی گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، ئەنجام دا.
شێخەکانی ئەو عەشیرەتانە داوایان لە سوپای تورکیا کرد، بچێتە ناو شارۆچکەی منبج و شارەکەیان لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و سوپای رژێمی سووریا، دوور بخاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
باسنيوز
