بابا عەلی: کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێم و لایەنە سیاسییەکان دەرفەتی ڕەخساند بۆ ئەوەی یەکگرتوو بین

بابا عەلی: کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێم و لایەنە سیاسییەکان دەرفەتی ڕەخساند بۆ ئەوەی یەکگرتوو بین
حەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پێشھاتەکانی ناوچەکە و عێراق کۆ بوونەوە و سەرکردەیەکی بەشداری کۆبوونەوەکەش ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکە دەرفەتی زۆری ڕەخساند بۆ ئەوەی تاوتوێی ڕەوشەکە بکەن و دەشڵێ، پێویستە بۆ خۆئامادەکردن ھەموویان لەژێر چەترێکدا کۆ ببنەوە.

بابا عەلی جەباری، جێگری سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان دەرفەتێکی باشی ڕەخساند بۆ ئەوەی ھەموو لایەنەکان لە نزیکەوە تاوتوێی ڕەوشی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکەین. ئەوەی ھەیە لەسەر ئاستی عێراق گۆڕانکاریی گەورەیە ڕوو دەدات و جگە لە ململانێی دەرەکی و نێودەوڵەتی ململانێ کەوتووەتە نێو عێراقەوە و ئەوەش سەرھەڵدانێکی نوێیە. لە لایەکی دیکەشەوە ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان و ھێرشەکانی تورکیا مەترسییان بۆ سەر ڕۆژئاوا ناوەتەوە."

جێگری سکرتێری حزبی شیوعی گوتی: "ئەو گۆڕانکارییانەی عێراق و ڕۆژئاوا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئێمە بمانەوێت و نەماوێت ئەو ڕەوشەی ناوچەکە پێیدا تێ دەپەڕێت، بەشی خۆی کاریگەریی ئەمنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر کوردستان دادەنێت."

جەباری دەڵێت: "بەداخەوە پەربابوونی شەڕ جارێکی دیکە دەرفەتی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان ڕەخساندووە، کە گەشە بکەن و جارێکی دیکە ببنەوە مەترسی بۆ سەر ھەموو لایەک و دەبێتە ھۆکاری تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

ئەو بەرپرسەی حزبی شیوعی جەختی کردەوە: "پێویستە لەبەر ھەستیاریی ڕەوشەکە ھەموو لایەنە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی لەژێر چەتری لیژنەیەک، یان ھەر ناوێکی دیکەدا کۆ ببنەوە و کار بۆ خۆئامادەکردن بکرێت، لایەنە سیاسی و پەیوەندارەکان بە ھەموو توانایەکەوە بەرەنگاری تەحەدییەکان ببینەوە و دەریش کەوت ئەوەی ھەیە لە ھەر چوارپارچەی کوردستان پەنای بۆ ببەین، جەماوەر و ھاووڵاتیانی دڵسۆزی ھەرێمی کوردستانن."

بابا عەلی جەباری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەشدا جەختی لەسەر کرایەوە، یەک گوتارمان ھەبێت بەرامبەر بە ڕەوشەکە و نێوماڵی خۆمان ڕێک بخەینەوە، بەو شێوەیە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، پێویستە لە سایەی چەتری سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بە ھەموو لایەنەکان خزمەتی وڵات و خەڵکی خۆمان بکەین."
Top