سەرکردەیەکی رۆژئاوای کوردستان: تاکە چارەسەر جێگیرکردنی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانە
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتی (تەڤدەم) لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، بە زمانی عەرەبی و بەبێ ناوهێنانی کورد و کوردستان، رایگەیاندووە، ئەوان داگیرکاریی و دابەشکردنی خاکی سووریا رەت دەکەنەوە و ئەوەش یەکێکە لە بنەماکانیان.
ئاڵدار خەلیل پێی وایە بۆ دوورخستنەوەی گەل لە رۆژئاوای کوردستان لە مەترسیی کۆمەڵکوژی و تێکچوونی سەقامگیری، پێویستە هێزەکانی تورکیا و گرووپە توندرەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بکشێنەوە و هێزی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو شوێنانە جێگیر بکرێن.
ئەو سەرکردەیەی تەڤدەم، کە حزبەکەی کۆکەرەوەی لایەنە سیاسی و چەکدارییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە رۆژئاوای کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە رێککەوتنی ئاگربەست لە دەرەنجامی بەرگریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) هاتووەتە ئاراوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتن لەسەر وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بۆ ماوەی 120 کاتژمێر، بۆ ئەوەی رێگا بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان بدرێ، لە سنووری تورکیا بکشێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
باسنيوز
