دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی زانیاری لەبارەی تەقینەوەکەی هەفتەی رابردووی شارەکە ئاشکرا ناکەن

دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی زانیاری لەبارەی تەقینەوەکەی هەفتەی رابردووی شارەکە ئاشکرا ناکەن
ئەندامێکی لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ئاشکرای کرد، بەدواداچوون لەبارەی ئەو ڕووداوە دەکەن کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە چیای ئەزمەڕ ڕووی دا و وەک تەقینەوە ناوی هێندرا، بەڵام دواتر بابەتەکە هیچ قسەیەکی لەبارەوە نەکرا.

رۆژی ١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، ڕووداوێک لە چیای ئەزمەڕ لە باکووری شاری سلێمانی ڕووی دا و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەست دا. هەمان ڕۆژ سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ڕووداوەکە تەقینەوە بووە، بەڵام وردەکاریی زیاتری نەخستە ڕوو.

هەرچەندە تەقینەوەکە لە شوێنێکی گەشتیاری بووە و لە شوێنێک ڕووی داوە کە لە پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤیلاند) و کونسوڵخانەی تورکیا لە سلێمانی نزیک بووە، بەڵام لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییەوە هیچ وردەکارییەکی فەرمی لەسەر ئاشکرا نەکرا و ڕێگەش بە میدیا و کەناڵەکان نەدرا ڕووماڵی بکەن.

لەمبارەیەوە ڕێڤینگ هروروی، ئەندامی لێژنه‌ی پیشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە په‌رله‌مانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”نازانین ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌زمه‌ڕ رووی داوە چی بووە“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەوان وەک لێژنەکەیان به‌دواداچوون دەکەن و ”ده‌مانه‌وێت بزانین چی بووه‌ و چی ڕوویداوە، هەروەها بۆچی ئه‌م که‌یسه‌ داخراوه‌؟“.

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە کە دەبێت کەسوکاری قوربانییەکانیش بزانن کە ئەو کەسانە بۆچی گیانیان لەدەست داوە و ڕووداوەکە چی بووە و چۆن بووە، بەڵام ”دەبێت به ‌نووسراوێک ئاگادار بکرێینەوە، تاوەکوو به ‌فه‌رمی به‌دواداچوون بکه‌ین‌“.

هەر ئەو ئێوارەیەی ڕووداوەکە لە چیای ئەزمەڕ ڕووی دا، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە سلێمانی ڕایگەیاند کە ئەگەر هەیە تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبەوە ڕووی دابێت و کوژراوەکانیش چەکیان پێ بووە.









باسنیوز
Top