وەزیری ناوخۆ: مەسرور بارزانی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان ڕایسپاردووین

وەزیری ناوخۆ: مەسرور بارزانی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان ڕایسپاردووین
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە راسپێردراون تاوەکوو بە باشترین شێواز پێشوازی لە پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە سەردانێک هاتووەتە هەولێر، رای گەیاند: ”ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکمان هەبوو کە کۆبوونەوەی خولییە لەنێوان لێژنەی باڵای وەزاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی هەموو ڕێکخراوەکانی سەر بە یوئێن لە عێراق و هەرێم“.

ڕوونیشی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە ئاوارەی ناوخۆ و ئاوارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دۆخی ئێستای کەمپەکان و دۆخی ئاوارەکان لە ناو کەمپ و دەرەوەی کەمپەکانیش، پێویستییەکانی کەمپەکان کردووە و داوای بەردەوامیی هاوکارییەکانیان کردووە، هەروەک داوایان کردووە کە هانی حکوومەتی عێراق بدرێت تاوەکوو زیاتر لە رابردوو هاوکار بێت.

لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانیش، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ رای گەیاند: ”ئێمە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانمان هەیە کە بە باشترین شێوە پێشوازی لە ئاوارەکان بکەین، بۆیە پارێزگارەکان و دەزگا جۆراوجۆرەکانمان ڕاسپاردووە بە ئەرکی خۆیان هەڵسن“.

ڕوونیشی کردەوە کە تاوەکوو ئێستا پێنج هەزار ئاوارە گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکەن ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، ٣٠ تا ٥٠ هەزار کەس و ئەگەریش زیاتر درێژە بکێشێت، تاوەکوو ٢٥٠ هەزار ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

گوتیشی: ”ئێستا کەمپێک لە بەردەڕەش بۆ ئەو ژمارەیە درووست کراوە کە گەیشتوون. ئەگەر بەردەوام بێت، ئەو کەمپە بەش ناکات. بۆیە پێویستیمان بە هاوکارییە، لە پێنج ساڵی ڕابردوو هەرێم زیاتر لە ٢ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی لەخۆوە گرتووە، کەچی هاوکاریی دارایی هەرێم نەکراوە“.










باسنيوز
Top