فەرماندەی هەسەدە: رێککەوتنی ئاگربەست گەورەترین پاکتاوی رەگەزییە دژ بە کورد
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، کە رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا لەبارەی رۆژئاوای کوردستان، ”گەورەترین پرۆسەی پاکتاوی رەگەزییە“.
مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بە کەناڵی NBCـی ئەمریکی راگەیاندووە، رێککەوتنی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا ”دەبێتە هۆی کوشتن و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتیی کورد“.
مەزڵوم کۆبانی هەروەها رایگەیاندووە، کە بە بەرچاوی سوپای ئەمریکا هاووڵاتییانی کورد شەهید دەکرێن و ئاوارە دەکرێن، ئەمریکا دەتوانێ ئەو شەڕە رابگرێ، بۆیە ئەو وڵاتە بەرپرسە لەو هەموو قوربانییە مەدەنییە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە رێککەوتنەکە ”گەورەترین پرۆسەی پاکتاوی رەگەزییە لە سەدەی 21دا“.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتن لەسەر وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بۆ ماوەی 120 کاتژمێر، بۆ ئەوەی رێگا بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان بدرێ، لە سنووری تورکیا بکشێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
باسنیوز
