پارێزگاری پێشووی بەغدا: دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگا نەکردووە
فەلاح جەزائیری، پارێزگاری پێشووی بەغدا رایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا نەکردووە و ئەنجوومەنەکە بڕیارەکانی لەسەر شتێک داوە کە پێشکەشی نەکراوە.
شەشی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و بەشێک لە شارەکانی دیکەی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا و بە ئامادەبوونی 45 ئەندام، بە زۆرینەوەی دەنگی ئەندامانی دەستلەکارکێشانەوەی فەلاح جەزائیری، پارێزگاری بەغدای پەسەندکرد و دواتر لە 14ـی ئەم مانگەدا ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی محەممەد عەتای بە پارێزگاری بەغدا هەڵبژارد.
فەلاح جەزائیری، پارێزگاری پێشووی بەغدا، کە سەرکردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە بەسەرۆکایەتی نووری مالیکی، ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەنجوومەن چەند بڕیارێکی دا بە هەڵبژاردنی پارێزگار و دواتر جێگری پارێزگار بۆ کاروباری تەکنیکی و دواتر راسپاردنی پارێزگارێکی دیکە بەوەکالەت بەبێ ئەوەی من دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەش کردبێت".
پارێزگاری پێشووی بەغدا جەختیش دەکاتەوە هێشتا پارێزگاری بەغدایە و لە راگەیێندراوەکەیدا هاتووە "من هێشتا پارێزگاری بەغدام، لە راپەڕاندنی کارەکانم دانەبڕاوم، رێز لە هەموو بڕیارەکان دەگرم کە بەپێی یاسا و رێنماییەکان دەردەچن و یاسا یەکلاکەرەوە و رێز لەو بڕیارە دەگرم کە دادگای پسپۆڕ دەریدەکات".
پێشتر، محەممەد روبێعی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا راگەیاند: فەلاح جەزائیری پارێزگاری بەغدا (سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نووری مالیکی) دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کردووە و لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای بەغداوە دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کراوە.
لەبارەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوە و پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانی بەغدا، محەممەد روبێعی، کە هاوکات ئەندامی رەوتی حیکمەی نیشتمانییە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم ئاماژەی بەوەکرد، فەلاح جەزائیری، رەوشی تەندروستی لەبارنییە بۆیە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کردووە و ناتوانێت لە پۆستەکەی بەردەوامبێت.
