پەرلەمان بەدواداچوون بۆ گیان لەدەستدانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی دەکات

پەرلەمان بەدواداچوون بۆ گیان لەدەستدانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی دەکات
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، بەدواداچوون بۆ کەسی ڕووداوی کوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی دەکەن.

ئەبوبەکر ھەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ڕايگەیاند، ھەرچەندە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوی گیان لەدەستدانی ئامانج بابان و ھاوژین و منداڵەکەی کردووە، بەڵام ”ئێمە وەکوو پەرلەمان، بە ھۆکاری ئەوەی کە دەسەڵاتێکی سەربەخۆین و کارمان بەدواداچوون و چودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، لەناویاندا پۆلیس کە بەشێکە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بۆیە ھەر پەرلەمانتارێک ئەگەر گومانی لە ڕووداوەکە ھەبێت، دەتوانێت پرسیارەکانی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکە ئاراستەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکات“.

ڕوونیشی کردەوە: ”کەیسی ڕووداوی گیانلەدەستدانی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە و منداڵەکەیان لای دادوەرە، ئەرکی دادوەرە ئەو کەیسە یەکلایی بکاتەوە، بۆیە ھیوادارین ڕاستییەکان بۆ خەڵکی کوردستان یەکلایی بێتەوە، ھەرچەندە لێکۆڵێنەوە لە دۆسیەکە تەواو نەبووە، بەڵکوو دەکرێت بۆ داھاتوو سەرەداوی دیکە دەست بکەوێت، بێگومان ئەوکاتە زانیاریی دیکە بڵاو دەکرێنەوە“.

ئەبوبەکر ھەڵەدنی باسی لەوە کرد کە بنەماڵەی قوربانییەکان لێدوانی دژبەیەک دەدەن، بەڵام ”ھەر کاتێک دۆخەکە ئەھوەن بوویەوە، ئەوکاتە لەگەڵ ھاوڕێکانمان بەدواداچوون بۆ چۆنیەتیی رووداوەکە دەکەین“.

ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان بە گەرمی باسیان لە ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکرد، لەپڕ هەواڵی تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی لە کەناڵی (NRT)یەوە بڵاوکرایەوە کە ئامانج بابانی کاری تێدا دەکرد.

دوای درووستبوونی کاردانەوەی توندی ڕای گشتی بەرامبەر بە هەواڵی کوژرانیان، بەرپرسانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی پرێس کۆنفرانسێکیان ئەنجام دا و بە نیشاندانی چەند وێنەیەک هەوڵیان دا بیسەلمێنن کە ئامانج بابانی خۆی هاوسەرەکەی و منداڵەکەی و دواتر خۆشی کوشتووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زانیاریی دژبەیەک لەبارەی ڕووداوەکە ئاڵوگۆڕ دەکرێت.













باسنيوز
Top