حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئامادە دەکات

 حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئامادە دەکات
دوو وەزارەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پرۆژەیاسای ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکانیان ئامادە کردووە و حکوومەتیش چەند وەزارەتێکی بۆ پێشنیاز و تێبینی لەمبارەیەوە ڕاسپاردووە.



بەپێ زانیارییەکان پڕۆژەکە لە ١٠ ماددە پێک ھاتووە، ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندرووستی ئامادەیان کردووە و ئێستا لە قۆناخی کۆتایی دایە.



لە ماددەکانی پرۆژەکەدا سزای بەکارھێنەر و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و ئەو کەسەشی کە ماددەکان دەچێنێت، جیاکراوەتەوە.



ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوایەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستاندا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، بۆ نووسینی تێبینی و پێشنیازیان لەسەر پرۆژەکە و لەم نزیکانە دەنێردرێتە پەرلەمان.



هەر لەمبارەیەوە سارا دڵشاد، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، پڕۆژەکە گرنگە و لە پەرلەمانی کوردستاندا چاوەڕێی دەکرێت، بۆیە ھەر کات بگاتە پەرلەمان، لە نزیکترین کاتدا پەسەندی دەکەن.



دوای پەسەندکردنی ئەم پرۆژەیە، ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی یاسای تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان.





باسنیوز
Top