پەیامنێری سی ئێن ئێن لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکی: رێککەوتنەکە رێگەدانە بە ئاوارەکردنی کورد
ئیوارەی ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەیەکی دوورودرێژی مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەردۆغان، مایک پێنس رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا لەسەر راگرتنی شەڕ رێککەوتوون.
ریان براون، پەیامنێری سی ئێن ئێن بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند: "بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا پێیگوتم رێککەوتنە راگەیێندراوەکە لە بنەڕەتدا پەسندکردنی کارەکانی تورکیایە و رێگەدانە پێیان بۆ پارچەکردنی بەشێکی سووریا و ئاوارەکردنی دانیشتووانی کورد، تورکیا ئەمەی دەویست".
بەرپرسەکە هەروەها بە پەیامنێری سی ئێن ئێنی گوتووە: "هۆکاری رازیبوونی تورکیا بە رێککەوتنەکە ئەوەیە کە کوردەکان گوشارێکی زۆریان دروستکرد لە رێگەی بەرگرییەوە و لە ئەنجامدا چیتر نەیتوانی پێشڕەوی بکات، ئەگەر سزا نەسەپێنین ئەوا تورکیا دەیباتەوە".
هەروەها برێت مەکگۆرک، نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی دژی داعش لە توویتێکدا رایگەیاند: "ئێستا ئەمریکا پلانەکەی تورکیای پەسندکرد بۆ فراوانکردنی سنوورەکەی بە قوڵایی 30 کیلۆمتر لەناو سووریا، بەبێ ئەوەی توانایەکی هەبێت کاریگەرییەکی دیار لەسەر راستییەکان لەسەر زەوی دروستبکات. تورکیا دەڵێت تەواوی سنوورەکەی لە فوراتەوە بۆ عێراق بە پانی 450 کیلۆمەتر و قووڵی 30 کیلۆمەتر لەلایەن هێزی سەربازییەوە کۆنترۆڵدەکرێت، ئەمە قابیلی جێبەجێکردن نییە".
ئەمڕۆ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. لەدوای کۆبوونەوەکەیان مایک پێنس رێککەوتنی نێوانیانی راگەیاند و گوتی، تورکیا ئۆپەراسیۆنەکەی دەوەستێنێت.
بەپێی رێککەوتنەکەی تورکیا و ئەمریکا، تورکیا بۆ ماوەی 120 کاژێر ئۆپەراسیۆنەکەی دەوەستێنێت، لەو ماوەیەدا یەپەگە لەو ناوچەیە دەکشێتەوە کە ناوچەی ئارامی پێ دەگوترێت.
گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە
1- راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ ماوەی 120 کاژێر
2- یەپەگە بە قووڵایی 32 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیا دەکشێتەوە
3- لەدوای کشانەوەی یەپەگە لەو ماوەیەدا، تورکیا ئاگربەستی هەمیشەیی رادەگەیێنێت
4- تورکیا و ئەمریکا پێکەوە ئیدارەی زیندانەکانی داعش دەکەن
5- تورکیا و ئەمریکا پێکەوە دەبێت رێگە بگرن لە سەرهەڵدانەوەی داعش
6- دەبێت هەموو پێکهاتەکان لە باکووری سووریا پارێزراوبن
7- تورکیا ناوچەی ئارام لە رۆژهەڵاتی فورات تاوەکو سنوورەکانی عێراق دروستدەکات
