مەسرور بارزانی: کاردەکەین بۆ ئەنجامدانی چەندین پرۆژە لە هەموو کوردستان

مەسرور بارزانی: کاردەکەین بۆ ئەنجامدانی چەندین پرۆژە لە هەموو کوردستان
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی دانانی بەردی بناغەی شەقامی بارزان لە شاری دهۆک وتارێکی پێشکەش کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17/10/2019، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی دانانی بەردی بناغەی شەقامی بارزان لە شاری دهۆک کە بە گوژمەی 73 ملیار دینار ئەنجام دەدرێت، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا رایگەیاند: "هیوادارین ئەم پرۆژە ببێتە دەستپێکیک بۆ ئەنجامدانی چەندین پرۆژەی دیکە لە هەرێمی کوردستان و لە کارنامەی حکوومەتە گرنگی بە هەموو کەرتەکان بدات".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، یەکێک لە کارەکانی حکوومەت، گرنگی دانە بە دروستکردنی رێگاوبانی نوێ و پردە و ئەنجامدانی ئەمجۆرە پرۆژانەش لە خزمەتی خەڵکی کوردستان دەبن.

ئەوەشی خستە ڕوو، لەگەڵ ئەوەی ئەم پرۆژانە وەک خزمەتگوزاریی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگن، هەلی کاریش بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت.

مەسرور بارزانی، لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، رایگەیاند: "هیوادارین کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکەین و تاکو بتوانین خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەین".

هەروەها لەبارەی رەوشی رۆژئاوای کوردستانیش، ئاماژەی بەوەدا، زۆر دڵگرانین بە شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان و هیوادارین بە ئاشتی کێشەکان چارەسەر بکرێن و کۆتایی بە شەڕ و ماڵوێرانی بێت.

گوتیشی: "سوپاسی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شاری دهۆک دەکەم، کە دەرگایان بۆ پەنابەرانی رۆژائاوا کردووەتەوە".

دووپاتیشیکردەوە، دەبێت دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزین و ئەمەش ئەرکی هەموومانە و نەکەوینە ژێر فشاری هیچ پروپاگندەیەک.












باسنيوز
Top