تورکیا.. داوای ٢٠ ساڵ زیندانی بۆ گۆرانیبێژێكی كورد دەكرێت
ساڵی پار داواكاری گشتیی ئامەد، داوای لە دادگای باڵای توركیا كرد كە فەرهاد تونج بە ٢٠ ساڵ زیندانی بكات، بە تۆمەتی ئەوەی پڕوپاگندەی بۆ تیرۆر كردووە، هەروەها تۆمەتباری دەكەن بەوەی بە نهێنی ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)یە.
تونج توركیای بەجێ هێشتوە و لە ئەورووپا دەژیت، بەڵام لەڕێگەی پارێزەری تایبەتی خۆیەوە ئامادەی دانیشتنەكانی دادگا دەبێت.
بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگای ٥ی تاوانە قورسەكانی ئامەد بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەكەیەوە بدات، بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی بڵاوی كردوەتەوە، دادوەر دەستگیركردنی تونجی وەكوو خۆی هێشتەوە، بەڵام دانیشتنی دادگاییەكەی بۆ ١٦_١_٢٠٢٠ دوا خست.
فەرهاد تونج جگە لەوەی گۆرانیبێژە، لە هەمان كاتدا یەكێكە لە دامەزرێنەرانی هەدەپە و لە دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا كاندیدی هەدەپە بوو تا بچێتە پەرلەمانەوە، بەڵام جاری یەكەم لەسەر بازنەی دەرسیم و جاری دووەمیش لەسەر بازنەی ئایدن دەنگی پێویستی نەهێنا بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندام پەرلەمانی توركیا.
باسنيوز
