ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای لێكۆڵینەوەی بێلایەنانەی تیرۆركردنی ئامانج بابانی و بنەماڵەکەی دەكات
ئاڤان جەمال، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی ڕايگەیاند: "بەدەر لەوەی دوو ڕۆژنامەنووسن دوو هاوڕێی زۆر باشی من بوون، ئێستا لەوێم و هێشتا نازانین چۆن ئەم كارە كراوە و تا ئێستا هیچ دیار نییە، لێژنەی ئەمنی و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگا دوور و نزیك بەدواداچون و چاودێریی بابەتەكە دەبن".
لەبارەی ئەوەی تا چەند گرنگە پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی بێلایەنانە لێكۆڵینەوە لە كەیسی تیرۆركردنی (ئامانج بابانی و لانە محەمەدی و منداڵەكەیان)دا بكەن؟، ئاڤان جەمال جەختی كردەوە: "زۆر پێویستە، چونكە ئەم دوو كەسە موڵكی گشتین و بەتەنیا موڵكی خێزانەكانیان نین، نەك هەر بۆ ئەمان، بەڵكوو هەر كەسێك بە نادروستی بكوژرێت و تیرۆر بكرێ، پێویستە لێكۆڵینەوەی جدی لەسەر بكرێ و بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێك پەیوەندیی تیا هەبێت، تەنیا دەزگا ئەمنییەكان نەبێ بۆ سەلماندنی ئەو تاوانە".
هەر لەو بارەیەوە هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی ڕايگەیاند: "ئێمە كارەكانمان بە ڕێكوپێكی كردووە، هەموو شتێك بە ڕێكوپێكی دەڕوات، هەروەها بەڕێوەبەری پۆلیسمان ڕاسپاردووە و ئەو كارەكان دەكات".
شەوی ڕابردوو لە نزیك ترمیناڵی شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی هەردوو ڕۆژنامەنووس ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵە تەمەن دوو ساڵەكەیان تیرۆر كران.
باسنيوز
