مەسیحییەکان دەڵێن ساڵی دابێ پاپای ڤاتیکان دێتە هەرێمی کوردستان
وەحیدە یاقۆ گوتی: "پاپای ڤاتیکان دێتە عێراق و سەردانی چەندین شوێنی پیرۆزی ئایینی دەکات و دواتر لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان کۆ دەبێتەوە لەبارەی چەندین پرسەوە قسە دەکەن."
هەرێمی کوردستان مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە. چەندین ئایین و نەتەوەی جیاواز لە هەرێمی کوردستاندا بە ئازادی ڕێوڕەسمی تایبەتی خۆیان دەگێڕن و توانیویەتی خۆی لە هەموو کەسێک بکاتە خاوەن، بۆیەشە لە ناوچەکەدا دەنگی داوەتەوە.
ناوبراو گوتیشی: "پاپا سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبێتەوە و دواتر لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت کۆ دەبێتەوە و سوپاس و پێزانینی خۆی دەگەیەنێتە سەرۆک بارزانی بۆ ئەو هاوکارییەی بەرانبەر بە مەسیحییەکان کردی، چونکە لە کاتی هاتنی داعش و ئەو گرووپە تیرۆریستیانەدا هەرێمی کوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی هەموو شتێکی پێویستی بۆ مەسیحییەکان و هەموو پێکهاتەکان کرد، ئەمەش نیشانەی مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیانی پێشانی وڵاتانی مەسیحی دا و بووەتە جێگای بایەخ لە لایەن پاپای ڤاتیکان و ئێستاش هەموو مەسیحییەکانی عێراق ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و بە شوێنی گرنگی خۆیانی دەزانن."
