ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چه‌ند بڕیارێكى ده‌ركرد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چه‌ند بڕیارێكى ده‌ركرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/10/16 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بابەتی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکوومییەکان کرا بۆ ساڵی خوێندنی 2015 - 2016، لەمبارەیەوە دوای ئەوەی ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راپۆرتێکی پێشکەش کرد، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا بە دامەزراندنیان وەک قۆناخی یەکەمی دامەزراندنی یەکەمەکان.

دواتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پڕۆژەیەکی دەربارەی بە بازاڕکردنی ناوخۆیی گەنمی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە ئەرکە لەپێشینەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک کە پێویستە کار لە سەر دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بکەین و هەوڵیش بدەین بازاڕ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بدۆزینەوە، ئەنجومەنی وەزیران لەمبارەیەوە بڕیاری دا چەند وەزارەت و فەرمانگە و دەستەیەکی حکوومەت ڕابسپێرێت بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی پرۆژەکە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی چەند گرفتێکی پەیوەندیدار بە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی کرد کە لەلایەن کەمال موسلیم، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی پێشکەش کرا و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ چارەسەرکردنیان .

لە کۆتاییدا ڤاڵا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان کورتەیەکی دەربارەی پرۆژە یاسای ماددە هۆشبەرەکان پێشکەش کرد، وەزیرە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕا و سەرنجی خۆی دەربارەی ئەو ماددانە بخەنە ڕوو کە پەیوەندیدارن بە کاروباری وەزارەتەکانیان تا لە نزیکترین دەرفەتدا بنێردرێت بۆ پەرلەمان.










باسنيوز
Top