دڵشاد شەهاب: لایەنە سیاسییەکان داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن

دڵشاد شەهاب: لایەنە سیاسییەکان داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن
ئەمڕۆ سێشەممە لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆ بوونەوە و پرسی ڕۆژئاوای کوردستانیان تاوتوێ کرد و هاوکات جەختیان لە ئاشتی و دیالۆگ و کۆتاییهێنان بە شەڕ کردەوە.

لەبارەی ناوەرۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کە ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، دڵشاد شەهاب ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: "لە کۆبوونەوەی لایەنەکاندا لە تەوەری یەکەمدا لەبارەی چۆنیەتیی یەکخستنی توانا ناوخۆییەکانی خۆمان باس کران، بۆ ئەوەی لە پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەکاندا هەموو لایەنەکان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە ڕاوێژ لەگەڵ یەکتری بکەین و یەک هەڵوێستی بنوێنین".

ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرجەم ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە بە پێویستیان زانی ئەمجۆرە کۆبوونەوانە بە شێوەیەکی دەورەیی و بە ڕێکوپێکی و سکرتاریەتێک کاروبارەکانی ڕێک بخات و ئەجێندای تایبەت بە خۆی هەبێت و هەرکات هەر بارودۆخێکی پێویست بێتە ئاراوە، ئەو کۆبوونەوانە ئەنجام بدرێن".

دڵشاد شەهاب گوتیشی: "لەبارەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کە تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو، باس لەوە کرا کە تواناکانی هەرێم یەک بخرێت و هەوڵ بدرێت بۆ هەموو لا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە هاوپەیمانییەکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا پێک بهێندرێت و پێکەوە داوای مافەکانی گەلی کوردستان بکرێت و لە مەسەلەی بودجە و لە مەسەلەی جارەسەکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی وکردستان بەپێی دەستوور و لە هەر پۆرسێکی تر کە مافی هەرێمی کوردستانە، سوود لە تواناکانی هەرێم لە بەغدا وەربگیرێت و لە سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و حکوومەتی ناوەندی و نوێنەرانمان لە پەرلەمان".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: "لەبارەی ڕەوشی ئاڵۆزی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان هەڵسەنگاندنێکی واقعبینانە کرا و هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بووین پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێم وەکوو قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری و نیشتمانی ببێتە شوێنی کۆکەرەوەی سەرجەم بیروبۆچوونەکان و کۆبوونەوە داوای کرد کە هەموو تواناکانی هەرێم بخرێنە گەڕ تاکوو هەرچی زووە شەڕ لەو ناوچەیە کۆتایی پێ بێت، چونکە دەرەنجامەکانی شەڕ هیچ شتێک چارەسەر ناکات و داوای جارەسەری ئاشتیانە و ڕێگەی گفتوگۆ و زامنکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان کرا کە لەژێر هەڕەشەی شەڕ دان".

گوتیشی: "جەخت لەسەر ئەوەش کرایەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو توانا دیپلۆماسی و سیاسی و تەنانەت توانا مرۆییەکانیشی بخاتە گەڕ بۆ هاوکاریکردنی ئەو دۆخەی کە ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە".









باسنيوز
Top