سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین: دوای 16ی ئۆكتۆبەر خانەقین ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە
سەمیر محەمەد نوور، سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، ڕایگەیاند: "پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017، بەهۆی بوونی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە سنوورەكە، دۆخی ئەمنی زۆر جێگیر بووە و نزیكەی 150 هەزار ئاوارەی شارەكانی دیكەی عێراق و پارێزگای دیالە هاتوونەتە سنووری خانەقین".
گوتیشی: "بەڵام لەپاش 16 ی ئۆكتۆبەر و نەمانی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش لە سنوورەكە، دۆخی ئەمنی بەتەواوی خراپ بووە و خانەقین ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە و زیاتر لە 200 تەقینەوە لە شارەكە و دەورووبەری ڕوویان داوە و تا ئێستاش نەتوانراوە دۆخەكە كۆنترۆڵ بكرێت".
ئاماژەی بەوەش دا "لە پاش 16 ی ئۆكتۆبەر بەهۆی هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستییەكانەوە ژمارەیەك گوندی كوردنشین لە دەورووبەری خانەقین چۆڵ كراون و نزیكەی 400 خێزانیش لەناو شاری خانەقین بەرەو شارەكانی هەرێمی كوردستان كۆچیان كردووە".
سەمیر محەمەد نوور، جەختی كردەوە: "خانەقین پێویستی بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشە بۆ ئەوەی ئارامیی بۆ بگەڕێتەوە، تا ئێستاش چەند جارێك بە فەرمی داوامان كردووە، بەڵام داواكەمان جێبەجێ نەكراوە".
لە 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 دا بەهۆی هاتنی هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان بۆ سنووری خانەقین 2 هاووڵاتیی كورد شەهید بوون.
باسنیوز
