سەدان ئاوارەی رۆژئاوا گەیشتنە ھەرێمی کوردستان

 سەدان ئاوارەی رۆژئاوا گەیشتنە ھەرێمی کوردستان
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاشکرای دەکات، کە سەدان ئاوارەی رۆژئاوا لە دەروازەی سێمالکاوە گەیشتنە ھەرێمی کوردستان.

لە راگەیەنراوێکدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاندووە، شەوی سێشەممە 15-10-2019، 750 هاووڵاتیی رۆژئاوای کوردستان، گەیشتە هەرێمی کوردستان.

بە گەیشتنی ئەو 750 کەسە، ژمارەی ئەو ئاوارانەی رۆژئاوای کوردستان کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای هێرشی سوپای تورکیاوە، گەیشتە هەزار کەس.

دوای گەشتنی ئەو ئاوارانە بە خاکی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگیی رێکخراوی LDSCـی ئەمریکی، خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی پێشكەشكردن.

بڕیارە ئەو ئاوارانەی رۆژئاوای کوردستان لە سنووری سارۆچکەی بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک، نیشتەجێ بکرێن.

رۆژی سێشەممە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرو کونسوڵی وڵاتان لە هەولێر، بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان، کۆ بووەوە.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.






باسنیوز
Top