ئەم مانگە بەغدا زووتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی رەوانەکرد

ئەم مانگە بەغدا زووتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی رەوانەکرد
هەرچەندە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەم مانگەوە لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، دۆخی عێراق ئاڵۆز ببو، بەڵام بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق رایدەگەیێنێت، پارەی مووچەی مانگی ئەیلوولی رەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە.

عابد ساڵح، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگەیاند، دوێنێ دووشەممە حکومەتی عێراق پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ناردووە و بەدەستمان گەیشتووە.

بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق باسی لەوە کرد، بە بەراورد بە مانگەکانی دیکە ئەم مانگە زوتر پارەکە گەیشتووە، مانگەکانی پێشوو 17ی مانگ یان درەنگتر پارەکە دەگەیشت.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، دەبێت بەغدا مانگانە 522 ملیار دینار وەک مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە 454 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و 68 ملیار دیناریش بۆ پێشمەرگە دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ پێشمەرگە نە ناردووە تەنیا 454 ملیارەکە دەنێرێت.

لە حەوتی تشرینی یەکەمەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە وەزارەت و دەستەکان کراوە و دوای گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی بەغداش، مووچەی ئەو وەزارەت و دەستانە دابەشدەکرێت کە ماون.
Top