حکوومەتی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی رەوشی رۆژئاوا لەگەڵ نوێنەری 24 وڵات لە کۆبوونەوەیە

حکوومەتی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی رەوشی رۆژئاوا لەگەڵ نوێنەری 24 وڵات لە کۆبوونەوەیە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان دوای هێرشی سوپای تورکیا، لەگەڵ نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەولێر، کۆ دەبێتەوە.

کۆبوونەوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 15-10-2019 بە سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت، دەستی پێ کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری ناوخۆ و کونسوڵ و نوێنەرانی 24 وڵات لە هەولێر، تاوتوێی دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکەن.

ئامادەکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەگەری ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی رۆژئاوای کوردستان بۆ باشووری کوردستان و هاوکاریی وڵاتان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبن.

ئەمڕۆ سێشەممە 15-10-2019، ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوای کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، 275 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی بەهۆی هێرشی سوپای تورکیاوە، ئاوارە بوون.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.









باسنيوز


Top