محەمەدی حاجی مەحموود چەند زانیارییەک لەبارەی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەخاتە ڕوو
محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، لەبارەی ڕووداوی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ڕایگەیاند: "ئێمە پێشبینمان دەكرد ١٦ی ئۆكتۆبەر ڕوو بدات، كاتێك شەڕی داعش بەرەو کۆتایی دەچوو، عێراقییەكان پێداگیرییان لەسەر ڕزگاركردنی مووسڵ و شوێنەكانی دیكە دەكرد، لە كاتێكدا ئێمە داوامان كرد سەرەتا حەویجە و خانەقین ڕزگار بكرێت، بۆیە ڕیفراندۆم بكرایە یان نا ئەوان هەر پەلاماری كەركووك و خانەقینیان دەدا، خۆ ئێمە لە ٢٠٠٥یش ڕیفراندۆممان كرد، بۆیە بەدڵنیاییەوە بابەتەكە پەیوەندیی بە ڕیفراندۆمەوە نەبووە، بەڵكوو پەیوەندیی بە نیەتی ئەوانەوە هەبوو، چونكە ئەوان هەموو ڕۆژێک دێنە هەولێر و ماڵەكانیان لە هەولێرە، بەڵام كە دەچنەوە بەغدا هەمان نیەتیان بەرامبەر كورد و كوردستان هەیە".
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پێی وایە: "دەبێ كورد زۆر وردتر بێت لەوانەی كە بە دۆستی دەزانێت، چ لە كوردستان و چ لە دەرەوە، بۆ نموونە ئەمریكا لە كەیوان، سەرێكانی و كۆبانێ بوو، شتەكان نزیكایەتییان هەیە، لەبەر ئەوە من پێم وایە كورد تا ئێستا نەیتوانیوە دەستنیشانی دۆست و دوژمنی خۆی بە وردی بكات، ئەگەر كورد خۆی یەكڕیز نەبێت، ئەوا تووشی زۆر كێشە دەبێت، لە زۆر شوێن بینیمان یەكڕیزی نەبوو تووشی ئەو هەموو كێشەیە بوو".
محەمەدی حاجی مەحموود ئاماژەی بەوەش كرد، بە شێوەی ئێستا و عەقڵیەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر مامەڵە بكرێت، ئەوا باوەڕ ناكەم بتوانین شتێكی ئەوتۆ بكەین، چونكە لەبری ئەوەی خەڵكی كوردستان بە داوا نەتەوەیی و نیشتمانییەكانەوە سەرقاڵ بن، بەڵام ئێستا بە هاتنی پارە لە بەغدا دێت یان نایەت سەرقاڵ كراون، ئێمە ئەو هەموو شۆڕش و قوربانییە و كیمیاباران و ماڵوێرانی و دەرەبەدەرییەمان لەپێناو مووچەدا نەبووە".
ئەوەشی خستە ڕوو: "نووری مالیكی كاتێك سەرۆكوەزیران بوو، بەرامبەر كورد پەنای بۆ دەبابە نەبرد، لەبەر ئەوەی لە كوردستان ژیاوە و فەرهەنگی ناوچەكەی هەبوو، بەڵام عەبادی فەرهەنگی غەربی بوو لە بەریتانیا گەورە ببوو، بۆیە زۆر بە ئاسانی بە دەبابەوە پەلاماری كورد و پێشمەرگەی دا و خانووەكانی تەقاندنەوە و پێشمەرگەكانی شەهید كرد، بۆیە بابەتی پەلاماردانی هەرێم پەیوەندیی بە ڕێفراندۆمەوە نەبووە، لەلایەكی دیكەوە سەلیم جبووری كە باس لەوە دەكات كاری باشی كردووە، كوا بۆ یاسای هەڵنەوەشاندەوە كە یەكەمیان ڕێككەونی سەدام و توركیا بوو لە ساڵی ١٩٨٤ كە ڕێگە بە توركیا دەدات چەند كیلۆمەترێك بێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، ڕێككەوتنی جەزائیر ١٩٧٥ كە زۆربەی بەحری عێراق و خەلیج و ناوچە شاخاوییەكانی دا بە شای ئێران، نەخێر ئەمە تەنیا پەیوەندیی بە نیەتی ئەوانەوە هەیە، ئەمانە و هاودەنگەكانیان دەیانتوانی دەوری باش ببینن و نەیانكرد".
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ش، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراقەوە داگیر کرا، هەر لە سەروبەندی ئەو ڕووداوانەدا کۆسرەت ڕەسووڵ، مەلا بەختیار، شێخ جەعفەر، نەجمەدین کەریم و چەندان سەرکردەی دیکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایان گەیاند کە گرووپێکی نێو حزبەکەیان ڕێککەوتنی ژێربەژێریان کردووە و بوونەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستان لەدەست بدرێت.
باسنیوز
