دامەزرێنەرێکی یەکێتی داوا دەکا بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان دەستبەرداری ئاپۆچێتی بن

دامەزرێنەرێکی یەکێتی داوا دەکا بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان دەستبەرداری ئاپۆچێتی بن
سیاسەتمەدار و دامەزرێنەرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا دەکات بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان دەستبەرداری ئایدۆلۆژیای ئاپۆچێتی بن و هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 15-10-2019، عومەر شێخ مووس، سیاسەتمەدار و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی، لە سیمینارێکدا لە سلێمانی، رایگەیاند، توركیا به‌بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی په‌لاماری ڕۆژئاوای كوردستانی داوه‌ له‌كاتێك له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له‌سنووری ڕۆژئاوای كوردستان ته‌قه‌یه‌ك له‌ سنووری توركیا نه‌كراوه‌ و حكومه‌تی توركیا به‌دوای بیانوودا دەگەڕا.

عومەر شێخ مووس پێی وایە دەبێ كورد فێری سیاسه‌ت بێت و په‌ند له‌ هه‌ڵه‌كانی ڕابردووی خۆی وەربگرێت و قووڵتر بڕوانێته‌ سیاسه‌ت، ”ناكرێت هه‌ر 10 ساڵ جارێك كورد تووشی نه‌هامه‌تی و كاره‌ساتی گه‌وره‌ بیت و پشتی تێبكرێت“.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە بەپێویستی دەزانێ كوردانی ڕۆژئاوای کوردستان پلانی هاوبه‌شیان لەگەڵ یەک هەبێ و چیتر له‌چوارچێوه‌ی ئایدیۆلۆژیاییه‌كی تایبه‌تدا نه‌ڕوانن‌ شته‌كان، وەک ئاماژەیەک بۆ رۆیشتن لەسەر بەرنامە و ئایدۆلۆژیای ئاپۆچێتی، کە بەرپرسانی رۆژئاوا لەسەری دەڕۆن.

لەبارەی ھەڵوێستی ئەمریکا و سەرۆکەکەی، عومەر شێخ مووس ئاماژەی بەوەدا، کە ڕای گشتی و ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كانی كورد له‌ سووریا بەشێوەیەکی ئەرێنییە، به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپی سەرۆکی ئەو وڵاتە ”درۆی له‌گه‌ڵ كورد كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان ڕێككه‌وت و كه‌سیش نازانێ له‌سه‌ر چی ڕێككه‌وتوون.

شێخ مووس باسی لە ئەگەری گۆڕانی هەڵوێستی نەرێنیی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە کورد کرد و رایگەیاند، پێده‌چێت دووباره‌ تره‌مپ سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ كورد بگۆڕێت، چونكه‌ به‌شێك له‌ڕای گشتی ئه‌مریكا دژی ڕێككه‌وتنی تره‌مپ و ئه‌ردۆغانن.

ئەو سیاسەتمەدارە پەسنی هەڵوێستی رووسیا لەبارەی کورد دەکات و پێی وایە، رووسیا هه‌ڵوێستی خراپی نییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد و بۆچوونه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كانی كورد ئەرێنییە.









باسنيوز



Top