ئیدارەی خۆجێیی ژمارەی ئاوارەکانی رۆژئاوا ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 15-10-2019، ئیدارەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، 275 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی بەهۆی هێرشی سوپای تورکیاوە، ئاوارە بوون.
ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانە، کە 70 هەزاریان منداڵن، لە سەرەتای هێرشی سوپای تورکیاوە تا ئێستا، ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆین بەجێ بهێڵن و ئاوارە بن.
پێشتر ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندبوو، بەهۆی هێرشی سوپای تورکیا، کە حەوت رۆژە بەردەوامە، 160 هەزر هاووڵاتیی مەدەنی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و ئاوارەبوون.
دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، کە باڵی سەربازیی ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوایە، رێککەوتنێکی لەگەڵ رژێمی سووریا واژۆ کرد و لە 13ـی ئۆکتۆبەری 2019، چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانی رادەستی رژێمی سووریا کرد.
دوای رێککەوتنەکە، رژێمی سووریا هەسەدەی وەک بەشێک لە سوپای عەرەبیی سووریا راگەیاندووە و ناوەکەشی بۆ فەیلەقی پێنجی سوپای سووریا، گۆڕی.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
باسنيوز
