سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق دەكات
سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە مارتین هوس، باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كرد.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15/10/2019 له‌ سه‌لاحه‌ددین، سه‌رۆك بارزانى پێشوازى له‌ مارتین هوس كرد، لە دیدارەكەدا كە ڤینسۆ پوپۆ بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كە لە بەغدا تازە دەستی بە كارەكانی كردووە، پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پێشكەوتنە ئیجابیانەی لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكە هاتووەتە ئاراوە، هەروەها سوپاس و پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و پەنادان و حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی دیكه‌ى قسەكانیدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق هەڵوێستی یەكێتیی ئەورووپای لەمەڕ بارودۆخی ئێستای سووریا بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی باڵیۆزی نوێی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراقی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، وێڕای ئاماژەدان بە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ئەو دۆخەی كە لە سووریاوە هاتووەتە ئاراوە، نیگەرانی و تێبینییەكانی لەسەر ڕەوش و ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا خستە ڕوو.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و دروستبوونی كەشی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ئیجابی هەڵسەنگێندرا.

تاوتوێكردنی هەڕەشە و مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا و ناوچەكە تەوەرێكی دیكه‌ى دیدارەكه‌ بوو.










باسنيوز
Top