دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 20 ترێلە هاوكاری ڕەوانەی رۆژئاوای كوردستان کراون

 دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 20 ترێلە هاوكاری ڕەوانەی رۆژئاوای كوردستان کراون
مووسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاشکرای دەکات، پاش هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان، بڕیار دراوە (317.42) تۆن لە خۆراك و پێداویستیی ناوماڵ لەڕێگەی (20) ترێلە و بە ستافێكی فراوان لە كارمەندانییەوە بچێتە رۆژئاوای كوردستان.

لەمبارەوە ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردوووەتەوە: "لە سەروبەندی تێكچوونی دۆخی ئەمنی و دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا و سوپای ئازادی سووریا بۆ سەر شارە كوردنشینەكانی باكووری سووریا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لێكۆڵینەوەی تەواوی لەسەر دۆخی خەڵكی شارەكان و هەروەها چاودێریی سەرهەڵدانی شەپۆلێكی گەورەی ئاوارەبوونی دەكرد كە بەشێكی زۆری ئەو ئاوارانە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، ئەوە بوو ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی شارەكانی سەرێكانی و قامیشلۆ و كۆبانێ و ناوچەكانی تر روویان لە شاری حەسەكەو چەند ناوچەیەكی دوور لە شەڕ و ئاڵۆزییەكان كرد".

ئاماژە بەوەش دراوە بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەنگاوەنکانی بۆ دەستپێکردنی کاری مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێکردووە و هەموو ئامادەکارییەک کراوە و ئەمەش وای كرد دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە بۆ گەیاندنی كۆمەك و هاوكاریی جۆراوجۆر بۆ رۆژئاوای كوردستان بە دروستكردنی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و چەند رێكخراوێكی رۆژئاوا و هەر زوو دەستیكرد بە ئامادەكاری تەواو بۆ ناردنی هاوكارییەكان و پێكهێنانی ستافێكی گەورە لە كارمەندان و بەڕێوەبەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان.

لە درێژەی راپەۆرتەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانید بە خاڵ هاتووە:



317 تۆن خۆراك و پێداویستی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی پاش بەدواداچوونەكانی بۆ دۆخی مرۆیی خەڵكی ئاوارەی ئەو شارانەی شەڕ و ئاڵۆزی و تۆپبارانی تێدا روویداوە، بڕیاریدا هاوكارییەكانی كە پێكهاتووە لە (317.42) تۆن لەڕێگەی 20 ترێلەی بارهەڵگری گەورەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان بەڕێبكەوێت.

سەبارەت بە جۆری هاوكارییەكان و ئەو پێداویستیانەی ئاوارەكانی رۆژئاوا پێویستی زۆریان پێیەتی، موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاشكرای دەكات، پاش بەدواداچوونمان بۆ دۆخی مرۆیی ئاوارەكان كە لە بەشێكی شارەكانی رۆژئاوای كوردستان و ناوچە دوور لە شەڕەكان ئاكنجی بوونە، بۆمان دەركەوت كە ئەو خوشك و برایانە پێویستی زۆریان بەهاوكاری فریاگوزاریی خێرا هەیە لەڕووی دابینكردنی خۆراك و پێداویستی منداڵان.



هاوكاریی خۆراكی

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەدرێژەی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوەدا، لەبەر ئەوەی ئەو خوش و برایانەمان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، پێویستیەكی زۆریان بە خۆراك هەیە، بۆیە ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕیارماندا (150) تۆن خۆراك كە خۆی لە (5000) پارسێلی خۆراكی (20كغم)ی دەبینێتەوە كە نزیكەی 15 جۆر خۆراكی تێدایە، بگەیەننە رۆژئاوای كوردستان، كە ئەمەش بارگرانییەكی زۆری ئاوارەكان لادەبات و رووبەڕووی قەیرانی بەدخۆراكی نابنەوە، ئەوەی ئێمە پێمان بكرێت لە گەیاندن و دابەشكردنی هاوكاری دیكە لە قۆناغەكانی دیكەشدا درێغی ناكەین و داوا دەكەین خێرخوازان و خاوەنكار و كۆمپانیاكان و رێكخراوە جیهانی و مرۆیی و هەرێمایەتییەكانیش پاڵپشتیمان بكەن بە گەیاندنی هاوكاری و پێداویستی دیكە بۆ ئاوارەكانی شەڕ لە رۆژئاوای كوردستان.



هاوكاریی ناوماڵە:

جگە لە دابینكردنی خۆراك كە سەرچاوەی سەرەكی ژیان و بەردەوامبوونی مرۆڤە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەچوارچێوەی هەڵمەتە گەورەكەی بۆ رۆژئاوای كوردستان، بیری لەدابینكردنی پێداویستی ناوماڵە كردۆتەوە، لەو بارەیەوە موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا: هەروەك ئاشكرایە بەرەو وەرزی زستان هەنگاو دەنێین و ئاوارەكانیش پێویستیەكی زۆریان بە خۆگەرمكردنەوەو پاراستنیان هەیە لە سەرما و تووش بوون بە نەخۆشییەكان، بۆیە زۆر بە باشمان زانی لەچوارچێوەی هاوكارییەكانماندا (بەتانی)یش بۆ ئاوارەكان ببەین، كە نزیكەی (40) تۆن لە خۆدەگرێت لە (20.000) بەتانی (2كغم) پێكهاتووەو سەرجەمیان بەسەر ئاوارەكان لە رۆژئاوای كوردستان دێتە دابەشكردن.



ئاوی خواردنەوە

یەكێكی تر لەهۆكارەكانی مانەوەی مرۆڤ لەژیان بێگومان ئاوی خواردنەوەیە، كە بەهۆی بەردەوامی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی چەند شارێكی كوردستان لە باكووری سووریا، كێشەی كەمئاوی و دەستكەوتنی ئاوی خاوێن بۆتە گرفتێكی گەورە. سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەمبارەیەوە رایگەیاند: كۆمەك و هاوكارییەكانمان بۆ خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان جۆراوجۆرن، لەوانە ئاوی خواردنەوەشی لەخۆگرتووە، كە هۆكاری سەرەكییە بۆ پاراستنی مرۆڤ لەو نەخۆشیانەی كە بەهۆی ئاوی پیس و ژەهراوییەوە تووشی دەبن، بۆیە بیرمان لەوە كردەوە لە كاروانەكەماندا ئاوی خواردنەوەش ببەین، بۆیە (90) تۆن كە خۆی لە (10.000) سێت ئاوی خواردنەوەی (9كغم)ی دەبەینە رۆژئاوای كوردستان و بەسەر ئاوارەكاندا دابەشی دەكەین، هەروەها رایگەیاند: هەرچەند ئەم هەوڵەی ئێمە وا دەكات ئاوارەكان تا نزیكەی بیست رۆژ پێی بژین لەڕووی خۆراكییەوە، بەڵام پێویستمان بەوەیە هاوكاری جدی بكرێین لەپێناو بەردەوامبوون و گەیاندنی هاوكاری زیاتر بۆ ئاوارەكان لە سووریا.



شیری منداڵان

یەكێكی تر لەو سێكتەرانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەوردی كاری لەسەر دەكات، دابینكردنی خۆراك و پێداویستی منداڵانە، كە هەروەك ئاشكرایە منداڵان قوربانی یەكەمی شەڕ و ناكۆكییەكانن، بۆیە لە رۆژئاوای كوردستانیش بەداخەوە كێشەی نەبوونی خۆراكی پێویست هەیە بۆ منداڵان، و تووشی گرفتی بەدخۆراكی و نەخۆشی جۆراوجۆر دەبنەوە. موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا: دۆخی منداڵان لەكاتی شەڕ و ئاڵۆزییەكاندا زۆر مەترسدار دەبێت، كە بەگشتی گرفتی دەستكەوتنی خۆراكی پێویستیان هەیە، لەبەر ئەوەی منداڵان توانای خواردنێكیان نییە كە لەگەڵ جەستەو توانایاندا بگونجێت، بۆیە پێویستیان بە خۆراكی تایبەت بە خۆیان هەیە. رایگەیاند: ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم هەڵمەتەماندا بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان، (2.42) تۆن كە (252) كارتۆن شیری (7كغم) بۆ منداڵان پێكهاتووە، لە هەگبەی هاوكارییەكانمادایە و لە قۆناغەكانی دیكەشدا هەوڵدەدەن پێداویستی دیكەی خۆراكی بۆ منداڵان رەوانە بكەین.



پێداویستیی تەندروستی:

جگە لە خۆراك، كە پێكهاتەی سەرەكی مانەوەی مرۆڤە لە ژیان، هاوكات گرنگیدان بە لایەنی تەندروستیش بەشێكی دانەبڕاوی مانەوەی مرۆڤ و پاراستنیەتی لە تووشبوون بە نەخۆشی و پەتا بڵاوەكان. بارودۆخی سووریا بەهۆی ئاڵۆزییەكان و هەروەها بەردەوامی شەڕ و پێكهەڤچوونەكانی چەند شارێكی رۆژئاوای كوردستان لەنێوان سوپای توركیا و هێزە كوردییەكان، دۆخی تەندروستی مرۆڤەكان دەكەوێتە مەترسییەوە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵیداوە لە قۆناغی یەكەمدا پێداویستی پاكوخاوێنی تەندروستی بۆ بەشێكی زۆری ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان لەناو خاكی سووریا دابین بكات و لە هەگبەی كاروانە (20) ترێلەییەكەیدا (2.42) تۆن كە (252) كارتۆنی (9.600كغم) دەبینێتەوە دەگەیەنێتە ئاوارەكان لە رۆژئاوای كوردستان. موسا ئەحمەد لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوەدا، لایەنێكی دیكە كە زۆر گرنگیمان پێدا دابینكردنی پارسێلی پاكوخاوێنییە كە چەندین بابەتی پاكوخاوێنی وەكو (سابون، شامپۆ، دیتۆڵ، خاولی، هەویری ددان و فڵچە و …هتد) دەبینێتەوە لەگەڵ خۆمان بیبەینە رۆژئاوای كوردستان.

سەبارەت بە بەردەوامی هەڵمەتەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان، كە ئێستاكە سەرقاڵی گەیاندنی یەكەمین كاروانی هاوكارین، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەش دا: بێگومان ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغی ناكەین و بەردەوام دەبین لە گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری بۆ خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان و بەبێ جیاوازییەكان هاوكارییەكان بەسەر خەڵكی ئاوارەو لێقەوماوی شارەكانی رۆژئاوای كوردستاندا دابەش دەكەین و هەوڵدەدەین بەهاوكاری رێكخراوە جیهانییەكان و وڵاتانی كۆمەكبەخش و خێرخوازانی ناوخۆ هەڵمەتی دیكەی هاوشێوەی ئەم هەڵمەتە رێكبخەین و بەپەلە رەوانەی ئاوارەكان لە سووریا بكەین.








باسنيوز
Top