نێچیرڤان بارزانى جەخت لە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە دەکاتەوە

 نێچیرڤان بارزانى جەخت لە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە دەکاتەوە


نێچیرڤان بارزانى جەختى لە پابەندى بە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە کردەوە و سوپاسى بەریتانیا و وڵاتانى دیکەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى کرد بۆ هاوکارى و پشتگیرییان لە پرۆسەکە.

لە کۆبوونەوەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە 15/10/2019 لەگەڵ جەنەرال جۆن لۆریمەر ڕاوێژکارى باڵاى بەریتانیا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شاندێکى یاوەرى، بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاسى بەریتانیا و هاوپەیمانيى نێودەوڵەتى کرد کە لە شەڕى دژى تیرۆردا هاوکاریى هەرێمى کوردستان و عێراقیان کرد و جەختى لە پێویستیى بەردەوامیى پشتگیریى بەریتانیا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردەوە بۆ پاراستنى دەستکەوتەکانى سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا و ڕێگریکردن لە مەترسیى سەرهەڵدانەوەى داعش.

لە بەرانبەردا جەنەراڵ لۆریمەر جه‌ختی له‌ پابەندیى بەریتانیا بۆ بەردەوامیى پشتگیریى و هاوکاریی هەرێمى کوردستان و عێراق له‌ ڕووبەڕووبوونەوەى هەڕەشەکانى تیرۆر کردەوە و ئامادەیى وڵاتەکەى بۆ بەردەوامیى هاوکاریکردنى وەزارەتى پێشمەرگە لە پرۆسەى چاکسازی و مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دووپات کردەوە، خۆشحاڵیى خۆیشى بە هاوکاریکردنى وەزارەتى پێشمەرگە لەم بوارەدا نیشان دا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان و کونسولى گشتیى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، هەردوولا گرنگیى هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ڕووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى تیرۆر، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، دۆخى عێراق و خۆپیشاندانەکانى بەغدا و پارێزگاکانى دیکە، پێشهاتەکانى سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتى فرات بەتایبەتى و بارى مرۆیى و دۆخى ناوچەکەیان بەگشتى، تاوتوێ کرد.






باسنیوز
Top