هەسەدە دەست بەسەر دوو ناوچەی رۆژئاوادا دەگرێتەوە
هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) دەست بەسەر دوو ناوچەی رۆژئاوای کوردستاندا دەگرنەوە، دوای دەست بەسەرداگرتنیان لەلایەن سوپای تورکیا و چەکدارانی گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.
بەپێی راگەیەندراوێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە شەوی دووشەممە 14-10-2019ـەوە، هێزەکانی هەسەدە دەستیان بە هێرشکردنە سەر شارۆچکەکانی سەرێ کانی و تەل حەلەف و دەستیان بەسەردا گرتووەتەوە.
هەسەدە هێزێکی چەکدارییە، بە پشتگیریی ئەمریکا لە هێزەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان بۆ شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست کرا.
دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، هەسەدە رێککەوتنێکی لەگەڵ رژێمی سووریا واژۆ کرد و لە 13ـی ئۆکتۆبەری 2019، چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانی رادەستی رژێمی سووریا کرد.
دوای رێککەوتنەکە، رژێمی سووریا هەسەدەی وەک بەشێک لە سوپای عەرەبیی سووریا راگەیاندووە و ناوەکەشی بۆ فەیلەقی پێنجی سوپای سووریا، گۆڕی.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
باسنيوز
