نزیکەی 200 پەنابەری رۆژئاوای کوردستان گەیشتنە دهۆک

نزیکەی 200 پەنابەری رۆژئاوای کوردستان گەیشتنە دهۆک
بەهۆی هێرشی تورکیاوە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و تێکچوونی ژیانی خەڵکی سڤیل لە چەند شار و شارۆچکەیەک، نزیکەی 200 پەنابەری رۆژئاوای کوردستان گەیشتنە دهۆک و لە کەمپی دۆمیز نیشتەجێدەکرێن.

بەڕێوەبەری کەمپی دۆمیز هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و راگەیاند، ئەو پەنابەرانە خەڵکی شاری قامشلۆ و چەند شارێکی دیکەی رۆژئاوای کوردستانن.

ئەوە یەکەم کاروانی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستانە بۆ هەرێمی کوردستان لەدوای دەستپێکی هێرشەکانی تورکیا کە لە نزیک سحێلا هاتوونەتە باشووری کوردستان. دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی پارێزگای دهۆک لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ تەواوکردوون، رەوانەی کەمپی دۆمیز کراون.

سەردار باڵەتەیی، بەڕێوەبەری کەمپی دۆمیز ئەوەشی گوت، جێگەیان بۆ ئەو ژمارە پەنابەرە هەیە، بەڵام نازانن چەند پەنابەری دیکە دێنە هەرێمی کوردستان.

هەفتەی رابردووش لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، فەرهاد ئەترووشی، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، ئامادەکاری تەواو دەکەن بۆ پێشوازی لە پەنابەران و جێگەی سێ هەزار کەس لە کەمپەکانی سنووری پارێزگاکە دەبێتەوە.
Top