وه‌زیرى پلاندانان: هه‌رێم سه‌رژمێرییه‌ك قبووڵ ده‌كات كه بۆ په‌ره‌پێدان بێت نه‌ك سیاسى
د.دارا ڕه‌شید وه‌زیرى پلاندانان له میانى كۆبونه‌وه‌ى لێژنەی حکوومەتی هەرێم کە تایبەت بە سەرژمێری پێکی هێناوە و ئه‌مڕۆ دووشه‌مه 14-10-2019 له دیوانى وه‌زاره‌تی پلاندانان به‌ڕێوه چوو، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان سەرژمیرییەک قبووڵ دەکت کە ئامانجی پەرەپیدان بێت، نەک سیاسی.
له سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌كه‌دا وه‌زیرى پلاندانان ئاماژه‌ى به روئیاى حكومه‌تى هه‌رێم كرد بۆ پرۆسه‌ى سه‌رژمێرى كه لاى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامدانى ئه‌م پرۆسه‌یه گرنگه، به مه‌رجێك ئه‌م پرۆسه‌یه بۆ بوارى په‌ره‌پێدانى سێكته‌ره جیاجیاكان و ژێرخان بێت نه‌ك به مه‌به‌ستى سیاسیى و فاكته‌ره‌كانى تر‌ى ده‌سه‌ڵات له عێراق به‌ركار بهێندرێت و دڵنیایى یاسایى و ده‌ستووریش بدرێت.
له به‌شێكى تر‌ى كوۆبونهكه گفتوگۆلهبارهى ده‌ره‌نجامى كۆبونه‌وه‌كانى نێوان شاندی هه‌رێم و به‌غدا كرا كه تا ئێستا چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجام داوه به‌تایبه‌ت به سه‌رژمێرى و میكانیزمه‌كانى ئه‌نجامدانى به ئامانجى سه‌رخستنى پرۆسه‌یه‌كى سه‌ركه‌توو و دوور له هه‌موو ههژموونییەك كه كاریگه‌ریى له‌سه‌ر په‌راوێزخستن و كه‌مكردنه‌وه‌ى قه‌باره‌ى نهتهوهكانىتر هه‌بێت.
دواتر گفتوگۆ له‌باره‌ى مه‌ترسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرا، به‌تایبه‌ت له‌بارەی به‌رێوه‌چوونى سه‌رژمێرى له ناوچه دابڕێندراوه‌كان و ئه‌و گۆڕانه دیموگرافییهى كه ساڵانێكه له ناوچه‌كه ئه‌نجام دراوه، له‌و پێناوه‌شدا وه‌زیرى پلاندانان داواى كرد ئاماده‌بوان ڕا و بۆچوونى خۆیان له‌باره‌ى ئه‌م پرسه بخه‌نه ڕوو، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا گفتوگۆى پێویست كرا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت سه‌رژمێرییه‌كى دروست ئه‌نجام بدرێت و ماف و داخوازییه‌كانى كورد و پێكهاته‌كانیش پارێزراو بێت.
له كۆتایشدا د.دارا ڕه‌شید وه‌زیرى پلاندانان ڕاى گه‌یاند ته‌نیا كورد مه‌ترسیى له‌و سه‌رژمێری له ناوچه دابڕیندراوهكان نییه، به‌ڵكوو توركمان و مەسیحى و پێكهاته‌كانى تریش مه‌ترسییه‌كان هه‌یه كه به‌هۆى شه‌ڕى داعش و سیاسییهتهكانى به‌عس ناوچهكیان جێ هێشتووه.
باسنيوز
