ئیدارەی خۆجێیی ڕۆژئاوا خۆی لە ناوهێنانی کورد و کوردستان دەدزێتەوە
لە بەیاننامەکەدا، کە ئیدارەکە ناوی خۆی بە ”ئیدارەی خۆجێیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا“ هێناوە، رایگەیاندووە، ئەوان هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) هەرگیز داوای جیابوونەوە لە سووریایان نەکردووە، بەڵکو هەوڵەکانیان لەپێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا بووە.
هەروەک ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندووە، هەسەدە لەپێناو ریشەکێشکردنی تیرۆر و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا، 11 هەزار شەهید و 24 هەزار برینداری داوە، کە بەشێکیان بەشێوەیەکی هەمیشەیی کەمئەندام بوون.
نهواف رهشید، نوێنهری یهکێتیی کوردستان له ئهنجومهنی نیشتیمانی کورد له سوریا (ئهنهکهسه) رایگەیاند، ههسهده بووەته بهشێک له فهیلهقی پێنجی سوپای رژێمی سوریای بهعسی.
بە گوتەی نەواف رەشید، رێککەوتنی ئیدارەی خۆجێی رۆژئاوای کوردستان و رژێمی سووریا لە 7 ـی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی نوێنەری ئێران واژۆ کراوە و ئەو بەیاننامەیەی ئێستاش بڵاو کراوەتەوە، ئەوکات ئامادە کراوە.
بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە دوای ئەوە دێت، کە رۆژی یەکشەممە 13-10-2019، ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوا بەشێکی ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستانی رادەستی رژێمی سووریا کردەوە.
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاداری 2011 و کشانەوەی رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەکەکە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت و سەدان هەزار هاووڵاتی بەهۆی تاکڕەوی و دیکتاتۆرییەتی پەکەکە، ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و روو لە باشووری کوردستان بکەن.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنیوز
