كەركووك.. سبەی كۆتایی بە پرۆسەی تۆماری بایۆمەتریی هەڵبژاردن دێت
عەبدولباست شوانی، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی لقی كەركووكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕایگەیاند: "تاكوو ئێستا ئەو هاووڵاتییانەی تۆماری بایۆمەترییان لە بنكەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگای كەركووك ئەنجام دابێت، رێژەكە گەیشتووەتە %68".
سەبارەت بەوانەی كە كارتی بایۆمەتریی هەڵبژاردنیان وەرگرتبێتەوە، شوانی، گوتی: "رێژەی ئەوانەی كە بایۆمەترییان كردووە و پاشان كارتەكانیان وەرگرتبێتەوە گەیشتووەتە %84، مەبەستم لەوەیە كە بایۆمەترییان كردووە و هاتوونەتەوە بۆ كارتەكانیان".
بەپێی زانیارییەكان سبەی سێشەممە 15/10/2019 لە كەركووك و پارێزگاكانی دیكەی عێراق كۆتایی بە پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری دەهێنرێت و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەکرێت كە بڕیارە 1ی نیسانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
باسنیوز
