پەرلەمانتارێکی گۆڕان لەبارەی ١٣ی ئۆکتۆبەر: ڕادەستکردنەوەی ناوچەکان بە رژێمی ئەسەد خیانەتە

پەرلەمانتارێکی گۆڕان لەبارەی ١٣ی ئۆکتۆبەر: ڕادەستکردنەوەی ناوچەکان بە رژێمی ئەسەد خیانەتە
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رێککەوتنەکەی ١٣ی ئۆکتۆبەری نێوان پەکەکە و ڕژێمی سووریا، رای گەیاند کە پەکەکە بۆی نییە لە جیاتی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بڕیار بدات و ڕادەستکردنەوەی ناوچەکانیشی بە ”خیانەت“ وەسف کرد.

پاش ئەوەی دوێنێ یەکشەممە ١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتی پەیەدە (باڵی پەکەکە لە سووریا)یە، بە فەرمی ئاشکرای کرد کە لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕێککەوتوون و ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان ڕادەست دەکەنەوە، کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی لەمبارەیەوە سەری هەڵدا.

هەر لە چوارچێوەی کاردانەوەکان، ڕزگار محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر ئەوە کرابێت و ناوچەکان ڕادەست بکەنەوە، ”ئەوە خیانەتە“.

ڕوونیشی کردەوە، لە ڕابردوودا ڕووبارێک خوێن دراوە لەسەر ئەو ناوچانەی کە ئێستا ڕادەستی سوپای سەر بە ڕژێمی سووریای دەکەنەوە، بۆیە ”ئەمە کارێکی باش نییە و هیچی کەمتر نییە لەو خیانەتانەی لە ڕابردوودا ڕوویان داوە“.

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان وەک ئاماژەیەک بۆ دووبارەبوونەوەی سیناریۆیەکی هاوشێوەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، دەڵێت: ”وادیارە ئەم ئۆکتۆبەرە بۆ کورد خێری تێدا نییە“. هەروەک ڕوونی دەکاتەوە: ”ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕووی دا، هەموو خەڵک دەزانێت، ئەوەی ئێستاش هیچی کەمتر نییە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر“.

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان پێیوایە، باکووری کوردستان شوێنی چالاکیی پەکەکەیە و دەتوانێت لە باکوور بڕیار بدات کە چی دەکات و چی ناکات، بۆیە رای گەیاند: ”مافی ئەو نییە لە رۆژئاوای کوردستان بڕیار بدات، هێشتا نازانین دەستکەوتی ئەم کارە بۆ کێیە، بەڵام تەسلیمکردنەوەی ئەم ناوچانە بە سوپای رژێمی سووریا، کارێکی نەشیاوە“.

دووپاتیشی کردەوە، پەکەکە ”مافی ئەوەی نییە لە جیاتی گەلی رۆژئاوا بڕیار بدات، ئەوان بە خوێنی خۆیان ناوچەکانیان ئازاد کردووە، خۆشیان دەبێت بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن“.

پێشتریش نووری بریمۆ، سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا ڕایگەیاندبوو کە ئه‌وه‌ی لە ١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ رووی دا، هەمان ئه‌وه‌بوو کە له‌ كه‌ركووك كرا و لە سەرەتاوە رژێمی سووریا ناوچه‌كانی راده‌ستی په‌یه‌ده‌ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بۆی بپارێزێت، ئێستاش وه‌ری گرته‌وه‌.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزێکی چەند هەزار سەربازیی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان هەن و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەزموونی شەڕی داعشیان هەیە، بەڵام پەکەکە و باڵەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان (پەیەدە) ڕێگەی پێیان نەدا بۆ بەرگریکردن لە خاکی خۆیان، بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بەڵکوو لەگەڵ ڕژێمی سووریا ڕێک کەوت.











باسنیوز
Top