هونەرمەند و کەسایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسۆزی لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن

هونەرمەند و کەسایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسۆزی لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن
هێرشی سوپای تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان تەنیا هەست و سۆزی کوردی لە پارچەکانی دیکە بۆ خۆی رانەکێشاوە بەڵکو ژمارەیەک لە هونەرمەند، وەرزشوان و کەسایەتییە سیاسی و رۆشنبیرییەکانی ئێرانیش لە سۆشیاڵمیدیا کاردانەوەیان هەبووە و ئیدانەیان کردووە.

دکتۆر سادق زیباکەلام، شرۆڤەکاری سیاسی، نووسەر و مامۆستای زانکۆ لە زانستە سیاسییەکان لە پۆستێکد الە ئینستاگرامی خۆی لەژیر ناوی کوردەکان دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە نووسیویەتی: "چەند ساڵیک لەمەوبەر یەکێک لە رێبەرانی فەرەنسا گوتبووی، تەنیا شاخەکان پشتیوان و پەناگەی کوردن. راستییەکی تاڵ کە دەیانجار دروستبوونی ئەو قسەیەی دەرخستووە. بەتایبەتی ئەمڕۆ کە تورکی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ نێو خاکی سووریا دەستپێکردووە و هیچ هێزێک بۆ پشتیوانییان نەچووە. ئێران، رووسیا، عەرەبەکان، ئەمریکا و ئەوروپا هەموو روویانکردووەتە لایەکی دیکە و وا نیشان دەدەن کە هیچ نابینن. ئێران لەگەڵ هەستکردن بە تێبینییە ئەمنییەکانی تورکیا، پێشنیاز دەکات سوپای سووریا لەو ناوچانە جێگیر بکرێن و هەردوو وڵاتی تورکیا و سووریا بە هاوکاری یەکدی (بە یارمەتییە سەربازییەکانی ئێران و رووسیا) ئاسایش لەو ناوچانە دابین بکەن.

قەتەر هەنگاوێک چووەتە پێشەوە و ئۆپەراسیۆنەکە بە مافی تورکیا دادەنێت. عەرەبەکان تەنیا نیگەرانی داگیرکردنی خاکی وڵاتێکی عەرەبین. ئەوروپییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکانیش نیگەرانییان لە بەئامانجکردنی سڤیلەکان راگەیاندووە.

سەرنجڕاکێشترین کاردانەوەش لەلایەن ترەمپەوە بوو، زۆر راشکاوانە فەرمووی، کێشەکانی کورد و تورک پەیوەندی بە ئەمریکاوە نییە و دەیان سالە ئەوان شەڕیانە لەگەڵ یەک، و کوردەکان جارێکی دیکە پەنا دەبەنە بەر یارە بەوەفاکەیان شاخەکان.

بەڵام کوردەکان تەنیا نین، لە هەولێر، سلێمانی، مهاباد، سنە، دیاربەکر و شارەکانی دیکە، ئازادیخوازەکان بە لایەنگری لەوان و مەزڵومیەتی خۆیان، هاواری ناڕەزایەتییان بەرزکردەوە.

ئەمە نە یەکەم هێرشی سەربازییە دژی کوردەکان و نە دوایینیان دەبێت. هەرچەنە هێرشەکانی پێشووتر توانییان بەسەر کورددا سەرکەون و بێدەنگیان کەن، ئەو هێرشەش وەک ئەوان ناسەرکەوتوو دەبێت. ناسیۆناڵیزمی سەرکوتکەری ئەردۆغان ئەوندە سەردەکەوێت کە ناسیۆناڵیزمی کۆمەڵکوژی سەددام دژی ئەوان توانی بێدەنگیان بکات.

کوردەکان ئەمڕۆ سەرکوت دەکرێن و دەگەڕێنەوە باوەشی پشتیوانی مێژووییان شاخەکان، بەڵام سبەی دووبارە سەرهەڵدێننەوە.

رۆژی 12ـی ئۆکتۆبەر کەیهان کەلهووڕ ژەنیاری بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە خاوەنی خەڵاتی گرەمی میوزیکە، لە کۆنسێرتی لەندەن رایگەیاند، بەهۆی ناڕەزایەتی لە هێرشی تۆرکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کۆنسێرتەکەی لە ئیستەنبووڵ هەڵدەوەشێنێتەوە.

ئەو هەڵوێستەی کەلهووڕ، دەنگدانەوەیەکی زۆری لە ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران و سۆشیاڵمیدیا هەبوو.

داریوش ئێقباڵی، گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئێرانی کە لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ئەمریکا دەژی، لە پۆستێکدا لە ئینستاگرامی خۆی بە هاشتاگی #روژاوا نووسیویەتی: بۆ هەرکوێ دەڕوانم خوێناوییە.

داریوش ئێقباڵی خۆی لە تاران لەدایکبووە بەڵام باوکی خەڵکی میانەیە لە پاریزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا و ئازەری زمان بووە.

قوتبەدین سادقی، ئەکتەر و دەرهێنەری ناوداری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پۆستێکی لە ئینستاگرامی خۆی کردووە، هێرشی تووند دەکاتە سەر ئەردۆغان و هاوکات رەخنەی تووندیش لەو کەسانە دەگرێت کورد بە ئێرانی و رەچەڵەکی ئاری ناودەبەن و دەڵێت، هەرکاتێک ناوی کوردستان و کوردەکان، یان دلێری و شەڕەکانیان بۆ دادپەروەری دەکەوێتە سەرزمان، هەموو ئەوانەی بانگەشەی رەچەڵەکی ئاری دەکەن یان ناسیۆناڵیستە ئێرانییەکان، بە بەکارهێنانی دەستەواژە و درووشـمی دوور لە راستی، هەموو کوردێک دەکەنە ئاری و لەهەرشوێنێکی جیهان بن دەیانکەنە ئێرانی.

ئەو دەپرسێت، دەی کوا؟ لەکوێیە ئەو هەموو بانگەشە و درووشمە؟ بۆ کوێ رۆی ئەو هەموو هەستە شکۆمەندەی یەکبوون و هاوخوێنی و برایەتییەیان؟

بۆ دەنگی ئەوان لەم گۆرەپانی ستەم و تاوانەی ئەردۆغان و ترەمپەدا بەرزنابێتەوە و دەنگیان نییە؟

لە سیاسەتوانەوە تاوەکو بازرگان، هونەرمەند، وەرزشوان، تەکنۆکرات و چالاکوانی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەر و ئەوانەی لە زانکۆن، هەموویان لە بەرامبەر ئەو هەموو قین لە دڵی و وێرانی، دەستدرێژی و کۆمەڵکوژییە گەورەیەی بەرامبەر برایانی هاوڕەچەڵەک و هاونیشتمانیانی ئێرانییانەوە دەکرێت، هەموویان بێدەنگییان هەڵبژاردووە و بیدەنگ بێدەنگ ماونەتەوە؟ بۆچی؟ بۆچی؟
پۆستەکەی بیژەن کامکار

بیژەن کامکار، میوزیکزانی بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە پۆستێکدا لە ئینستاگرام بە هاشتاگەکانی بەژی کورد، بژی کوردستان، بژی کوردەواری، رۆژئاوا تەنیا نییە ناڕەزایەتی خۆی لە هێرشی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕێت.
Top