رێڤەبەری خۆسەر: لەگەڵ دیمەشق رێککەوتووین سوپای سووریا لە ناوچە سنوورییەکان جێگیربکرێ
رێڤەبەری خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "گەیشتووینەتە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سووریا.. تاوەکو سووپای سووریا بە درێژایی سنووری سووریا و تورکیا جێگیربکرێت، بۆ ئەوەی هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە و رزگارکردنی ئەو ناوچانەی کە سوپای تورکیا و بەکرێگرتەکانیان کۆنترۆڵیان کردووە".
پێشتریش سەرۆکی دەستەی پاراستنی کانتۆنی کۆبانێ رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی هیچ کەس گوێی بە هاوار و بانگەوازیان نەدا، لەگەڵ حکومەتی سووریا و رووسیا رێککەوتوون.
عیسمەت شێخ حەسەن، سەرۆکی دەستەی پاراستنی کانتۆنی کۆبانێ بە میدیاکانی رایگەیاند: "ئەوشتەی کردمان کردمان، بانگەوازمان لە هەموو وڵاتانکرد، تەنانەت وڵاتانی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی، کە بانگەوازمان لە ئەوانیش کرد و ئەوان دوێنێ کۆبوونەوە و قسەیانکرد. بەهەرحاڵ کەس نەیتوانی دەردی ئێمە دەرمان بکات. بۆیە ئێمە بەخۆمان دەردی خۆمان چارەدەکەین".
هەر راگەیێندراوەکەی رێڤەبەری خۆسەردا هاتووە "پرۆژەی سیاسی ئێمە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەرگیز داوای جوداخوازی نەکردووە، ئەو کاتە و ئێستاش داوای گفتوگۆ و چارەسەری قەیرانی سووریامان بە شێوەیەکی ئاشتییانە کردووە".
رێڤەبەری خۆسەر پاراستنی ئەو ناوچانە بە ئەرکی سوپای سووریا دەزانێت و دەڵێت، ئەرکی سوپای سووریایە ئەو ناوچانە بپارێزێت بە عەفرینیشەوە.
میدیای فەرمی سووریا رایگەیاند، سوپای سووریا جووڵەی پێکراوە بۆ باکووری وڵاتەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی تورکیا.
سەرۆکی دەستەی پاراستنی کانتۆنی کۆبانێ، دەشڵێت "کاتێک دەمانگوت کەس پشتیوانمان نییە و پێویستە کورد لە تەنیشت یەکەوە بووەستن و بتوانین هاوکاری یەک بین، کەس باوەڕی پێمان نەدەکرد. دەبینن هێرش دەکەنە سەرمان و بینیتان پێمان دەڵێن ئێمە ناتوانین پشتگیری ئێوە بکەین. هەربۆیە ئێستا ئێمە و رژێم و رووسەکان رێککەوتووین، بڕیارە ئەمڕۆ تاوەکو ئێوارە بێنە ئێرە".
عیسمەت شێخ حەسەن ئاماژە بەوە دەکات "پێویستە بڕوا بەکەس نەکەین و خۆمان شانبەشانی یەک بوەستین، هەموو کەس ئامادەکاری خۆی بکات و چەک بکاتە شان و لە ئامادەباشیدابێت".
هاوکات بەپێی راگەیێندراوێکی بنکەی سەربازی رووسیاش لە حومەیمیم هێزەکانی سووپای سووریا دەچنە کۆبانێ و منبج.
