سەرۆکی دەستەی بەرگریی کۆبانێ: ئەمشەو سوپای سووریا دەگەڕێتەوە کۆبانێ
عیسمەت شێخ حەسەن، سەرۆکی دەستەی پاراستنی کانتۆنی کۆبانێ بە میدیاکانی رایگەیاند: "ئەوشتەی کردمان کردمان، بانگەوازمان لە هەموو وڵاتانکرد، تەنانەت وڵاتانی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی، کە بانگەوازمان لە ئەوانیش کرد و ئەوان دوێنێ کۆبوونەوە و قسەیانکرد. بەهەرحاڵ کەس نەیتوانی دەردی ئێمە دەرمان بکات. بۆیە ئێمە بەخۆمان دەردی خۆمان چارەدەکەین".
سەرۆکی دەستەی پاراستنی کانتۆنی کۆبانێ، دەڵێت "کاتێک دەمانگوت کەس پشتیوانمان نییە و پێویستە کورد لە تەنیشت یەکەوە بووەستن و بتوانین هاوکاری یەک بین، کەس باوەڕی پێمان نەدەکرد. دەبینن هێرش دەکەنە سەرمان و بینیتان پێمان دەڵێن ئێمە ناتوانین پشتگیری ئێوە بکەین. هەربۆیە ئێستا ئێمە و رژێم و رووسەکان رێککەوتووین، بڕیارە ئەمڕۆ تاوەکو ئێوارە بێنە ئێرە".
عیسمەت شێخ حەسەن ئاماژە بەوە دەکات "پێویستە بڕوا بەکەس نەکەین و خۆمان شانبەشانی یەک بوەستین، هەموو کەس ئامادەکاری خۆی بکات و چەک بکاتە شان و لە ئامادەباشیدابێت".
